٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

هەڤاڵی بەڕێز/ عەبدولڕەزاق عەلی، بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان

بەڕێزان/ هەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندان و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان..

بەر لە (٦٢)ساڵ، ئێزگەی دەنگی کوردستان بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) دامەرزرا، ئەو هەنگاو و دەستکەوتە گرنگە تەکانێکی بەرچاوی بە بواری میدیایی و رۆشنبیریی دا و، وەک بڵندگۆیەکی ڕاستەقینەی بەرجەستەکردنی ئامانجەکانمان تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە بەخشش و چالاکییەکانی.

ئێزگەی دەنگی کوردستان، هەر لە یەکەم رۆژی پەخش و دەستپێکەوە و لە کاروانی تەمەنی کارکردنیدا شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ڕۆڵی بوێرانە و کاریگەرانەی خۆی بینیوە بۆ هۆشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداری.

ئەمڕۆش وەکو ئێزگەیەکی سەنگین و دێرین، دەنگی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا جێدەستی دیارە و وەک کەناڵێکی میدیای پێشەنگ نەسرەوتووە، دیارە ئەمەش بۆ پلان و بەرنامەی رێکوپێکی ستاف و کادیرانی ماندوونەناسی ئێزگەکە دەگەڕێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو ئێزگەیە بە خاوەن گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە مایەی شانازیی و دەستخۆشییە.

لەو دەرفەتەدا وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی هێژا و بیسەرانتان، دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێزگەکەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی ڕێکوپێک بەرەو پێش بچن و خزمەت بە دۆزە ڕەواکەمان و کولتوور و فەرهەنگی هەمەڕەنگی کوردستان بکەن.  

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار