شاخەوان عەبدوڵڵا: لهگهڵ هێز و لایەنەكانی كەركووك باسی ئەو مەترسییانە دەكەین كە هەن

كەركووك-KDP.info- شاخەوان عەبدوڵڵا لە سەردانێكیدا بۆ لای حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك ڕایگەیاند، دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، كورد لە كەركووك خۆی ئامادە بكات.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە كەركووك گوتی، "سەردانی من بۆ لای هێز و لایەنە كوردییەكانی كەركووك، بۆ ئەوەیه ئامادەكاری بكەین بۆ هەڵبژاردن، ئەمڕۆش هاتووینەتە لای یەكگرتووی ئیسلامی، باسی ئەو مەترسییانە دەكەین كە لە ناوچەكە و عێراق و كەركووكیش هەن.
د. شاخەوان ئەوەشی گوت، "بەداخەوە پێشتر نەمانتوانی لە هەڵبژاردن بە یەك لیست وەك كورد بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، بەوەش دەنگی زۆرمان لە دەست دا، بەڵام ئەگەر بۆ ئەم هەڵبژاردنەش نەتوانرا بەیەك لیست بەشدار بین، دەبێت رێگە لەوە بگرین دەنگی كورد نەفەوتێت.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا د. شاخەوان لەبارەی هەناردەی نەوتی كوردستان و مووچەكانی ئەمساڵی فەرمانبەران گوتی، خۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێكی تر نەوتی كوردستان گەیشتەوە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوە هەنگاوێكی گرنگە.
هاوكات باسی لەوەش كرد، هەناردەكردنەوەی نەوت هیچ بیانوویەكی لە بەردەم بەغدا نەهێشت، خەرجكردنی مووچە پێشتر پێوەست كرابوو بەنەوتی هەرێمەوە، ئەوە نەوت ڕۆیشت، بۆیە مووچەی مانگی حەوت و هەشت و نۆ و ئەوانیش تریش دەبێت بدەن.




