وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ: پشتیوان بە خوا سبەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە

بەغدا-KDP.info- بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ، لە بارەی ڕێککەوتنی ھەناردەکردنەوەی نەوت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم بە شێوەیەکی پشوو درێژ و وەک یەک تیم کاری جدی لە پێناو بەرژوەندیی نیشتمانیی کردووە.
ھەینی ٢٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دوای ھەوڵێکی زۆر توانیمان بە ھەماھەنگیی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگەینە ڕێککەوتنێکی گرنگ لە بارەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ، ڕایگەیاند: وەک دەستپێک ڕۆژانە ١٩٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکەین، ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتییش ھەرێم بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بە کاری دەھێنێت.
هەروەها دەشڵێت: دوای ئەوەی وەک یەک تیم لەگەڵ براکانمان لە ھەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییانە کاری جددییمان کرد، ئەو ڕێککەوتنە گرنگە ھاتە ئاراوە، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین.
باسم محەممەد، لە درێژەی قسەکانیدا، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: حکوومەتی ھەرێم بە شێوەیەکی پشوو درێژ و وەک یەک تیم کاری جدیی لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی کردووە.
ھاوکات باسی لەوەکرد، پشتیوان بە خوا سبەی شەممە کاتژمێر ٦ـی بەیانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە.




