ماڵپەڕی KDP وردەکاری پێدانی قەرزی بچووک بە هاووڵاتیان دەخاتەڕوو

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا قەرزی بچووک دەدرێت بە گەنجان و ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشانەوەیە کە ئەمساڵ ژمارەی سوودمەندبووان زیاد دەکرێت و پڕۆژەکەش فراوانتر دەکرێت.
گوھدار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەی قەرزی بچووک لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد و تا ساڵی ٢٠١٦ بەردەوام بوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی ڕاگیرا، ئەوکاتی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھەشت ھەزار و ١٠٠ کەس سوودمەندبوون لەو قەرزە، بەشێک لە سوودمەندبووانی قەرزی بچووک بەھۆی بڕینی مووچە و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی نەیانتوانی لەکاتی خۆیاندا پابەندی گەڕاندنەوەی قەرزەکە بن.
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک گوتیشی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ھەرکەسێک قەرزەکە ھەمووی بگەڕێنێتەوە ئەوە ٢٠%ی لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت و لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەیەک سوودمەندبوو سوودیان لە بڕیارەکە بینی، لە ئێستادا داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بڕیاری لێخۆشبوون درێژ بکرێتەوە.
گوھدار عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "پێش دوو ساڵ پڕۆژەی گەشانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردن و ساڵی ڕابردوو ٢٥ گەنج سوودمەندبوون، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە دەست بە پڕۆژەکە بکرێت و ١٠٠ کەس سوودمەندبن، قەرزەکە بۆ خاوەن پڕۆژەکانە و فراوانتر دەکرێت، ھەر کەسێک مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت لە ٢٠ ملیۆن دینارەوە تا ١٥٠ ملیۆن دینار سوودمەند بێت.
قائید میرۆ




