جووتیاران بۆ KDP: خاڵێکی بەھێزی ئێستای کشتوکاڵ ئەوەیە حکوومەت ھاوکارمانه

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی بۆ ئاسایشی خۆراک و ئاو و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات لە کەرتی کشتوکاڵ ھەنگاوی گەورە نراوە و جووتیارانیش بەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشن.
حکوومەت لە ڕێگای کۆمپانیا گەورەکانی ھەناردەکاری ئیماڕاتی و ناوخۆیی دەستی کردووە بە ھەناردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازاڕەکانی جیھان. لەو بارەیەوە خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "خاڵێکی بەھێزی ئێستای کشتوکاڵ ئەوەیە حکوومەت ھاوکارە لە دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرھەمی کشتوکاڵییمان، ئەوە جووتیاری دڵخۆش کردووە و ژێرخانی کشتوکاڵی بە ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ بازاڕی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەورووپا بووژاوەتەوە، جووتیار دەتوانێت داھاتێکی باشی دەست بکەوێت".
ئەو جووتیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "دروستکردنی بەنداوی گەورە و بچووک لە لایەن حکوومەتەوە، بووەتە ھۆی ئاسایشی ئاو، ئاو بۆ ئێمە لە نەوت گرنگترە، ئێستا کابینەی ٩ بەردەوامە لە بنیادنانی پۆند و بەنداو، ئاسایشی ئاو بووەتە ھۆی بەرھەمھێنانی بەرھەمی کشتوکاڵی نایاب."
هەر پەیوەست بەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرەیدوون مەنسووڕ، سەرۆکی ڕێکخراوی شارەزوور بۆ کشتوکاڵ و ژینگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ھەنگاوە باشەکان لە بواری کشتوکاڵ بۆ جووتیاران ئەنجام دەدرێن و جێگای دەستخۆشییە، ساڵانە پەتاتە و چەند بەرھەمێکی تر ھەناردەی دەرەوە دەکرێن، داواش دەکەین زیاتر کاربکرێت بۆ ھەناردەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانمان بۆ بازاڕی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەورووپا، ھیچ بەرھەمێکمان نەبێت ساخ نەبێتەوە و ببێتە زیان بۆ جووتیار، داوا دەکەین سیستەمێکی باش دابندرێت بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمەکان، چونکە جووتیار ماندووە."
سەرۆکی ڕێکخراوی شارەزوور بۆ کشتوکاڵ و ژینگە گوتیشی، "دەتوانین بڵێین جوانترین و تەندروسترین بەرھەمی کشتوکاڵ، لە کوردستان بەرھەم دەھێندرێت، بە شێوەیەکی سرووشتی بەرھەم دەھێندرێت، ڕێککەوتنی ھەناردەی کشتوکاڵی لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتییەکان ھەنگاوێکی باشە بۆ بردنە دەرەوەی بەرھەمەکانمان، جووتیار چاوی لەوەیە کاتێک بەرھەمەکەی پێدەگات بە ئاسانی بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە."
ئەو جووتیارە دهشڵێت، "بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان بۆ ئاسایشی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی زەروریاتی پێشینە بوون، ھەمووان لە حکوومەت و جووتیار دەست لەناو دەست گرینگی بە گلدانەوەی ئاو بدەین، ئەمساڵ کوردستان ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە بۆیە پێویستمان بە زیاتری دروستکردنی بەنداوە."
عەزیز ڕەسووڵ




