٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی داد بۆ KDP: ئەنجوومەنی شورا وەڵامی وەزارەتی ڕۆشنبیری داوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی داد دەڵێ، وەزارەتی ڕۆشنبیری داوای ڕای ئەنجوومەنی شورای کردبوو لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری لەسەر ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و ئەنجوومەنیش لە وەڵامدا ڕای خۆی داوەتە وەزارەتی ڕۆشنبیری.

نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی شورا یەکێکە لە دەزگا سەرەکیەکانی وەزارەتی داد کە بە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨ کار دەکات، لە چوارچێوەی یاساکەدا ئەرکی ئەنجوومەنی شورا دیاریکراوە یەکێک لە ئەرکەکانی پێشکەشکردنی داواکاریە بۆ وەرگرتنی ڕای ئەنجوومەنی شورا، واتە ھەر دەزگایەکی حکوومەت یان لایەنێکی دیکە داواکاری لەسەر یاسایەک یان پرسێکی یاسایی هەبێت ئەوا ئەنجوومەن ڕای خۆی لەسەر ئەو پرسە دیاری دەکات، یەکێک لەو داواکاریانەی پێشکەش بە شورا کراوە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریەوە کە ئایا ماڵپەڕ و سایتە ئەلیکترۆنیەکان وەک ڕۆژنامەگەری ھەژمار بکرێن و یاسای ڕۆژنامەگەری لەسەری جێبەجێ بکرێت، ئەنجوومەنی شورا ڕای خۆی دیاری کردووە و وەڵامی وەزارەتی ڕۆشنبیری داوەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی داد گوتیشی، "ڕای ئەنجوومەنی شورا مولزەم نیە تەنیا ڕاوێژکاریە، چونکە ئەگەر تەنیا یەک لایەن داوای ڕای ئەنجوومەنی شورای کرد ئەوا ئەنجوومەن ڕای خۆی پێ ڕاگەیاند ئەوە ئەو لایەنە ئازادە لەوەی تا چەند پابەندی جێبەجێکردنی ڕای ئەنجوومەنی شورا دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر دوولایەن یان دوو دەزگا لەسەر پرسێک داوای ڕای ئەنجوومەنی شورای کرد ئەوە پێویستە پابەندی ڕای ئەنجوومەنی شورا بن و جێبەجێ بکرێت.

نەریمان تاڵب ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "ئەنجوومەنی شورا لەبارەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری لەسەر ماڵپەڕەکان وەڵامی وەزارەتی ڕۆشنبیری داوەتەوە و بۆچوونی خۆی داوە لە وەزارەت، بەڵام ئەرکی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری خۆی، واتە ئەنجوومەنی شورا ڕای خۆی دیاری کردووە و ئەرکەکەی تەواوبووە لەسەر ئەو پرسە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار