کارتی دەنگدان گەڕایەوە

دھۆک -KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک دەڵێت "وەجبەیەکی تازەی کارتی دەنگدانمان بۆ گەڕاوەتەوە، ٦٠ھەزار کارتە، ھەفتەی داھاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
خالد عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "وەجبەیەکی تازەی کارتی دەنگدانمان بۆ گەڕاوەتەوە کە ٦٠ھەزار کارتە، ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکەین، ئەم کارتانە هی لەدایکبووی ٢٠٠٧، گواستنەوەی شوێنی دەنگدان، چارەسەری کێشەی پەنجەمۆر و ڕاستکردنەوەی داتان."
خالد عەباس گوتیشی "لە دھۆک ڕێژەی تۆمارکردنی دەنگدان ٨٣% بوو، ئێستاش بەردەوام ئامادەکاری بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و لۆدێکی زۆرمان لەسەرە، بەڵام دەتوانین لە وادەی خۆی تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین."
دەشڵێت "داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین، ھەفتەی داھاتوو ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە، سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی کارتی دەنگدانی خۆیان وەربگرنەوە."
بڵند ئیبراھیم




