ئەسلیکا بۆ KDP: بەھۆی خەباتی بارزانی گۆرانیم گوت.. ھەر دەڵێم وەڵاتێ مە کوردستانە

ئەرمینیا-KDP.info- ئەسلیکا قادر، ئەو گۆرانیبێژە کوردە ئێزدییەی کە بەو گۆرانییەوە ناودارە ”وەڵاتێ مە کوردستانە و جێ و مەسکەنێ مە کوردانە، وەڵات ژ مەڕا روح و جانە، کورد ھەموو برانە”، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە باس لەوە دەکات، دەمزانی نەتەوەكەم لە شۆڕشدایە بۆ دەستكەوتنی مافەكانمان، منیش گۆرانی تاکە ڕێگە بوو کە بتوانم ببمە پشتیوانی دۆزی نەتەوەكەم بۆ پشتیوانیی براکانی خۆمان لە شاخەکان و شۆڕشی كوردستان.
ئەسلیکا قادر، سەرەتا بە یادەوەریی سەردانی بارزانیی نەمر بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئەو کاتەی بارزانیی نەمر چووە یەکێتیی سۆڤیەت و ھاتە ئەرمینیا، ھەموو خەڵک پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد، بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمان بوو سەرکردەیەک بەو تەمەنەوە لە ڕووباری ئاراس بپەڕێتەوە لەپێناو مافی میللەتی خۆی و وڵات بە وڵات بگەڕێت.
ئەو گۆرانیبێژە کوردە دەشڵێت، ئەو کاتەی بارزانی گوند بە گوندی کوردەکان گەڕا لە پێناو داواکاریی خەڵکەکەی، ھاتە ڕادیۆی یەریڤانیش، منیش وەک کوردێک دەمزانی نەتەوەكەم شۆڕش دەکەن، گۆرانیگوتنیش بۆ من تاکە ڕێگە بوو کە بتوانم ببمە پشتیوانی دۆزی نەتەوەكەم، لەویش درێخیم نەكرد بۆ پشتیوانیی و خزمەتی نەتەوەكەم.
هونەرمەند ئەسلیکا قادر، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی، لە ھەر شوێنێکی دنیا بم ھەر دەڵێم: ”وەڵاتێ مە کوردستانە” ئێمە بەو ڕووحە کوردانە گەورە بووین و بەو ڕووحەش دەمێنینەوە كە بە ھۆی خەباتی بارزانیی نەمر گۆرانیم گوت و دەمزانی دەنگم دەگاتە شۆڕش و پێشمەرگە، كە ئەوانیش لە پێناو نیشتیماندا خەبات دەکەن.
کاروان حاجی




