مامۆستایانی زانکۆ بۆ KDP: باشکردنی ڕێگەوبانەکان گرینگییەکی نیشتمانییان ھەیە و پێشکەوتنەكان فراوانتر دەكەن

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵانی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنانێکی گەورە و بێوێنەی لە ژێرخانی شەقام و ڕێگەوباندا کردووە، بەتایبەتی لە ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و شەقامە ستراتیژییەكانی ناو شارەكان کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی سەدان کیلۆمەتر شەقام و ڕێگەوبان بە شێوەیەکی سەردەمیانە.
د. جەمال ئیسماعیل کاک ڕەسووڵ، ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی سۆران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم شۆڕشێکی گرینگی لە كەرتی شەقام و ڕێگەوباندا بەرپا کردووە کە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی و گرینگ لەخۆیدا دەبینێتەوە، ئەم پێشھاتانە تەنیا بریتی نین لە قیرتاوکردنی ڕێگەکان، بەڵکوو ھێڵی ژیانن بۆ بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کەرتی گەشتیاری، گەشەپێدانی گوندەکان و ھاوکار و ھۆکارێکی سەرەکین بۆ گەشەسەندنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، باشترکردنی تۆڕەکانی ڕێگەوبان، کاتەکانی گەشتکردن و تێچوونەکان و ڕووداوەکان و کێشەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە و ئاسانکاری دەکات بۆ ھاتوچۆی کاڵا و خەڵک لە تەواوی ھەرێمی کوردستاندا.
دەشڵێ، ئێستا جووتیاران بە ئاسانتر دەگەنە بازاڕەکان، گەشتیاران دەتوانن بگەنە ناوچە سەرنجڕاکێش و دوورەکان، ھەروەھا پیشەسازییە ناوخۆییەکان سوودمەند دەبن لە لۆجستیکی باشتر و گەشەسەندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرھێنان.
بەپێی ئەو داتایانەی لە هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە دوو هەزار و 170 پڕۆژەی شەقام لە شارەكاندا لە نێوان پڕۆژەی گەورە و بچووك و مامناوەند بە گوژمەی زیاتر لە دوو ترلیۆن و 40 ملیار دینار جێبەجێ كراون، لەناویدا تەواوكردنی شەقامی 120 مەتری و تەواوكردنی دوو بەشی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لە هەولێر، دەستپێكردنی 100 مەتریی سلێمانی و تەواوكردنی شەقامی بارزان لە دهۆك. هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 681 كیلۆمەتر، جگە لەوەش ڕێگەوبانی دەرەوەی شارەكان بە گوژمەی یەك ترلیۆن و 32 ملیار دینار جێبەجێ كراون، لەوانە ڕێگەی سەرەكیی گۆپاڵ- هەولێر كە هەولێر بە دهۆك دەبەستێتەوە، ڕێگەی سپیلك-خەلیفان كە كوردستان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێتەوە، ڕێگەی هەولێر-كۆیە، ڕێگەی كۆیە سلێمانی، ڕێگەی كەلار-سلێمانی، ڕێگەی باعەدرێ-شێخان و دەیان ڕێگەی تر.

هاوکات تۆڕی ڕێگەوبانی کوردستان کە لە فراوانبووندایە، کە دەبێتە ھەوێنی بناغەی ئابوورییەکی پەیوەستتر و ھەمەچەشنتر و خۆڕاگرتر لە داھاتوودا. لەمبارەشەوە دکتۆر نزار شاکر، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، دروستکردنی ڕێگەوبان یەکێکە لە لایەنە گرینگەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ڕێگەکان نەک ھەر جووڵە و دەستڕاگەیشتن دابین دەکەن، بەڵکوو پێشکەوتنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ھەرێمی كورستان فراوانتر دەكەن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، چەند خاڵێك لەسەر گرینگیی بایەخی شەقام و ڕیگەوبانەكان دەخاتە ڕوو كە یەكەمیان گرنگیی ئابوورییە، چونكە ڕێگەی شارەکان بڕبڕەی پشتی بازرگانی و بازاڕەکانن، یارمەتیدەرن لە گواستنەوەی کاڵاکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان. لە بەرانبەردا ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان کەناڵی سەرەکیی بازرگانیی نیشتمانین، کە بەرھەم و کاڵای کشتوکاڵی دەتوانن بگەنە بازاڕە گەورەکان. پاشان ڕۆڵی لایەنی كۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە، چونكە لەناو شارەکاندا ڕێگەوبانەکان ئاسانکاری بۆ چوونە ناو قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنی کار دەکەن. لە لایەکی ترەوە ڕێگەکانی نێوان شارەکان دابڕانی گوندەکان کەم دەکەنەوە بە بەستنەوەی بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. ھەروەھا کارلێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی فراوانتر بەرەوپێش دەبەن.
د. نزار، ئەو خاڵانەی باسی كردن، بریتی بوون لە گرینگیی ستراتیژی و سیاسی، چونكە ڕێگەکانی شار بۆ سەلامەتی، پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی زۆر گرینگن. ھاوکات ڕێگەوبانەکانی نێوان شارەکان گرینگییەکی نیشتمانییان ھەیە، ڕێڕەو بۆ جوڵەی سەربازی و یارمەتییە فریاگوزارییەکان لە کاتی کارەساتەکاندا دابین دەکەن. ھەروەھا یەکێتیی نەتەوەیی پتەوتر دەکەن.
هەروەها ئەوەشی لەبیر نەكرد، كە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی پیشەسازی و شار و لە شارەکاندا شەقامەكان گەشەکردن و پلاندانان پێش خەدەن، دوایین خاڵیش كە بە پێویستی زانی باسی بكات، ڕۆڵی ژینگەییە، چونكە بە باشی دیزاین کراون (بە شۆستە و ڕێڕەوی پاسکیل و سیستەمی گواستنەوەی گشتی)، پیسبوون کەم دەکەنەوە و ژینگە دەپارێزن.

لە لایەکی دیکەوە، یوسف جەمیل باس، پسپۆری ئەندازیاری شارستانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، دروستکردن و پەرەپێدانی ڕێگەوبان بە شێوەیەکی زانستی، یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان. بەرەوپێشچوونی ئەم كەرتە، ھۆکارە بۆ پەیوەندیکردنی شار و گوندەکان و ھاوکاری لە بەرەوپێشبردنی بازرگانی و کشتوکاڵ، ھەمووی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە ڕێگەوبانەوە پەیوەندە.
ئەو پسپۆڕە نایشارێتەوە كە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گرینگییەکی زۆر بە سێکتەری شەقام و ڕێگەوبان دراوە و چەندان پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کراون. ئەمەش تەنیا خزمەت بە سێکتەرەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری ناکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی دروست بنەمای سەقامگیری و گەشەپێدانی گرینگتر بۆ ھەرێمی كوردستان دابین دەکات.
کرمانج گوانی




