سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەكات

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23/9/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جاشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.
هەڵسووڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.




