٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی زانکۆ بۆ KDP: ئەمساڵ قوتابی لە ھەر سێ بەشی ئەو کۆلیژە وەردەگرین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین باسی گرینگی کردنەوەی کۆلیژی تەکنەلۆژیای زانیاری و زانستی کۆمپیۆتەر و ژیری دەستکرد دەکات و دەڵێت، لە ئێستادا جیھان بەرەو زیرەکی دەستکرد هەنگاو دەنێت و سەرۆکی حکوومەتیش دەیەوێت حکوومەتێکی دیجیتاڵیمان ھەبێت، بۆیە ئەمساڵ قوتابی لە ھەر سێ بەشی ئەو کۆلیژە وەردەگرین.

دکتۆر کامیران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئاماژە بەفەرمانی وەزاری ژمارە (١٦٩٧١) لە ڕێککەوتی ١٤-٩-٢٠٢٥ و فەرمانی زانکۆیی ژمارە (١٤٣٧٧) لە ڕێککەوتی ٢١-٩-٢٠٢٥ کۆلیژی کۆمپیۆتەر و ئینفۆرماتیکس لە زانکۆی سەلاحەدین کرایەوە، کە ئەم کۆلیژە لەسێ بەش پێکدێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمساڵ دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەتوانن داواکاری لە ڕێگەی زانکۆلاین بۆ ئەم کۆلیژە پێشکەش بکەن و لە پۆلی یەک وەردەگیرێن، کە بەشەکانیش بریتین لە تەکنەلۆژیای زانیاری و زانستی کۆمپیۆتەر و ژیری دەستکرد.

دکتۆر کامیران یونس گوتیشی، ھۆکاری کردنەوەی ئەو کۆلێژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ئێستادا جیھان بەرەو زیرەکی دەستکرد هەنگاو دەنێت و گرینگی زۆر بە تەکنەلۆژیا و زانیاری دەدرێت، بۆیە پێمان باش بوو لەو کۆلێژە بەشێکی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد بکرێتەوە، چونکە ئێستا کارەکانی حکوومەتیش ھەمووی بۆتە ئەلیکترۆنی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە حکوومەتێکی دیجیتاڵیمان ھەبێت و کارەکانیش ھەمووی ئەلیکترۆنی بن، بۆیە ئێمەش لەو چوارچێوەیە پێمان باش بوو ئەو کۆلێژە بکرێتەوە و بەشێکیش تایبەت بێت بە زیرەکی دەستکرد، چونکە بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرینگە و لەداھاتوو دەتوانین سوود لەو قوتابیانە وەربگرین لەو کۆلێژە دەردەچن، بۆیە ئەمساڵ یەکەم ساڵ دەبێت قوتابی تازە لەو کۆلێژە لە ھەرسێ بەشی وەردەگرین.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار