وەزارەتی پێشمەرگە: بەم بڕیارە نزیک دەبینەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: نزیکبووینەتەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی لە یەکەی ٧٠ و ٨٠ و دامەزراندنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، نوێنەری ھاوپەیمانان دواین ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی یەکەی ٧٠ و ٨٠، جێبەجێکردنی خاڵەکان و ئاستەنگەکانی پرۆسەکە و ڕێنماییە ژمێرکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکە دا بڕیار درا، بە جێبەجێکردنی خاڵێکی گرنگی پرۆسەی چاکسازی لە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو بۆ سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەم بڕیارە نزیک دەبینەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی.
ھەروەھا ئاماژە بەوە کراوە، تیشکخرایە سەر تەواو کاری کارەکانی دامەزراندن و تواناکانی دەڤەری یەک و دوو، ھەروەھا دابینکردنی پێداویستییەکان و خێراترکردنی ھەنگاوەکان بۆ دامەزراندنیان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھەنگاوێکی مێژووی بوو، بۆ سەرەتایی دروستبوونی ھێزێکی یەکگرتووی کوردستانی.





