٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان له‌ ڕێگه‌ی KDPیه‌وه‌ داوای دروستكردنی ژوورێکی عەمەلیات ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕووماڵی تاوانەکانی لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرد، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش دەڵێت، پشتگیری لەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، لەبەر ئەوەی بڕیارێکی باشە و پێمان وایە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن دروست بکرێت.

حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەگەڵ ڕێگەچارەی ڕێکخستنداین بەتایبەت لەگەڵ ئەو بابەتانەی یاسایەک نییە چارەسەریان بکات و کەسانێک ھەبن بە ئارەزووی خۆیان گاڵتە بە قەدەر و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بکەن، بۆیە ئێمە پشتگیری لەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان وایە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، پێویستە ژوورێکی عەمەلیات دروست بکرێت لەلایەنی پەیوەنیدار وەکو دەستەی مافی مرۆڤ و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتی، بۆ ئەوەی بتوانین پشتیوانی حکوومەت بین و حکوومەتیش پشتیوان بیت بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمی بڕیارەکە.

حاکم ئازاد، هەروەها گوتیشی، ئێمە وەکو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ ئەو ھەموو کارانە پێمان وایە پێویستە لە چوارچێوەی پشتگیریکردن بێت لە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسی و دەرنەچوونی لە پیشەی کاری ڕۆژنامەنووسی و کاری پڕۆفیشناڵی، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئێمە پشتگیری لەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان وایە بڕیارێکی باشە.

بەپێی گشتاندنێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت کراوە، لەمەودوا ڕێگە بە ھیچ کەناڵ و پەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و کاتی تاوانەکان بڵاو بکەنەوە و ڕووماڵی بکەن.

ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواکارییەکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، کە تێیدا داوای کردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵک و نەقۆستنەوەی ڕووداوەکان بۆ دووبەرەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بکرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتی و ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە، ڕێزگرتن لە رێڕەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار