٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە KDPیەوە بزانە بۆ زیاتر پێشکەوتنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چیتر ئەنجام دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، بەپشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زاخۆ گەیشتۆتە ئەو ئاستە و بەردەوامیش لە پێشکەوتن دایە و ھەرچی داواکاریمان لە سەرۆکی حکوومەت کردبێت ڕەتی نەکردۆتەوە، بۆیە بڕیارە بۆ زیاتر پێشکەوتنی زاخۆ پڕۆژەی تازە ئەنجامبدرێن.

گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "سەرۆکی حکوومەت ھەر جارێک سەردانی زاخۆی کردبێت چەندین پڕۆژەی کردۆتەوە و ئەگەر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبووایە زاخۆ بەو شێوەیەی ئێستا پێش نەدەکەوت، بۆیە بەپشتیوانی سەرۆکی حکوومەت زاخۆیەکی نوێ لەسەر بەنداوێکی نوێ دروستدەکەین و دەبێتە شارێکی نموونەیی لەسەر ئاستی عێراق، چونکە پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ تەنھا ٦٥%ی شەقام و کۆڵانەکانی قیرتاوکرابوون ئێستا بۆ ٨٥%ی بەرزبۆتەوە، بۆیە سەرباری کێشە ئابووریەکان لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە زاخۆ شۆڕشێکی ئابووری ئەنجامدراوە، بۆ ئەمەش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپشت ئەو ئاوەدانییە بووە ھیچ کات داواکاری ئێمەی ڕەتنەکردۆتەوە.

گوھدار شێخۆ باس لەوەش دەکات، سەرۆکی حکوومەت ئێمەی ڕاسپاردووە ھەرچی لە بەرژەوەندی خەڵکی خۆمان بێت ئەنجامی بدەین و بەردەوامیش پشتگیری و پشتیوانی ئێمە دەکات، بۆیە ئەو پڕۆژانەی ئێمە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت باسمانکرد ئەگەر جێبەجێ بکرێن زاخۆ دەبێتە نموونەیی، چونکە بەھۆی پێشکەوتنەکانی زاخۆ ئێستا کۆمپانیای بیانی دێن لە زاخۆ کاری وەبەرھێنان دەکەن لە کەنداو و ئیمارات لە بواری ھەنگوین و برنج و پاقلە و نۆک و بەرھەمی دیکە و ئێستا ئەو بەرھەمانەی کشتوکاڵ لەژێر تاقیکردنەوە دان، چونکە خاکێکی زۆر بەپیت و بەرەکەتمان ھەیە، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی لەداھاتوو ھەناردەی دەرەوە بکرێت و جگە لەوەش داواکاری زۆر ھەیە بۆ کاری وەبەرھێنان لە بواری گەشتیاری و کردنەوەی کۆمپانیای کەلوپەلی خۆراک و کشتوکاڵ و بوارەکانی دیکە.

شێخۆ باسی لەوەشکرد، ڕێزدار مەسروور بارزانی لەو سەردانەی بۆ زاخۆ بڕیاریدا دوو پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ بکرێن لەوانە پڕۆژەی جادەی ٦٠مەتری زاخۆ و پڕۆژەی ناوچەی ھشکەڕۆی زاخۆ کە بڕیارە بەشێوەیەکی زۆر جوان دروست بکرێن و ببنە شوێنی گەشتیاری و لەھەمانکاتدا پڕۆژەی بەنداوی زاخۆش یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژەکان، کە ھەشت کم لەسەرەوەی پردی دەلالە و بڕیارە بەشێوەیەکی زۆر جوان دروست بکرێت لەسەر ڕووبەری ٤٣ ھەزار دۆنم زەوی لەچواردەوری بەنداوەکە و بکرێتە زاخۆیەکی تازە، کە چەندین شوێنی جیاجیا لەخۆ دەگرێت وەکو نیشتەجێبوون و گەشتیاری و بازرگانی.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار