پارتی و پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی جەختیان لە پەیوەندیەکانیان کردەوە

دھۆک-KDP.info- شاندێکی بەشی پەیوەندی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندی ھەردوو حزب کرد و جۆرج تۆما جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، داوای پاڵپشتی زیاتری سەرۆک بارزانی و پارتی کرد، تاکو کریستیانەکان بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن.
شاندێکی بەشی پەیوەندی گشتیی پارتی بە سەرپەرشتی عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دھۆک سەردانی پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی کرد و لەلایەن جۆرج تۆما جێگری سکرتێری گشتی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پێشوازی گەرمیان لێکرا و خۆشحاڵییان بە سەردانەکە دەربڕی.
لەو دیدارەدا شاندی پارتی و یەکێتی دیموکراتی کلدانی، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندی ھەردوو حزب کرد و جۆرج تۆما سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە پارێزەری مافەکانی ھەموو نەتەوە و ئاینەکان بووە.
لە کۆبونەوەکەدا پەیوەندی دووقۆڵی یەکێتی دیموکراتی کلدانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات کرایەوە و جۆرج تۆما جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، داوای پاڵپشتی زیاتری سەرۆک بارزانی و پارتی کرد، تاکو کریستیانەکان بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن، نەک کۆمەڵێک چەکدار خۆیان بسەپێنن و کورسی کۆتاکانیان بڕفێنن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت بەپێ ماددەکانی دەستوور و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کێشەی ھەناردەی نەوتی کوردستان و داھاتی ناوخۆ و مووچەی خەڵکی کورستان چارەسەر بکرێت، لەوە زیاتر درێژە بە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان نەدرێت.





