٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی زانایان بۆ KDP: بارزانی کاری دەکرد ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری تێکەڵی یەک بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە کوردستان دەڵێت، یادی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان بەرز ڕادەگرین، ھاوکات مامۆستایانی ئایینی بەردەوام بەرگرییان لە خاکی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی کردووە.

د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولدا، یادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان دەکرێتەوە، ئەمساڵ پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان تێدەپەڕێت، بێگومان پێویستییەکی مێژوویی بوو لەو سەردەمە و لە قۆناغێکی ھەستیاردا بارزانیی نەمر ھەستی بەوە کرد کەلێنێک ھەیە لەنێو شۆڕشدا، ئەویش ئایینە، لەبەر باگراوندی ئایینیی بارزانی وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و ئایینپەروەر، لەبەر ئەوە ھەموو کات بارزانی کاری دەکرد ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری تێکەڵی یەک بکات، دوای ڕاوێژ لەگەڵ چەندان زانای ئەوکات، توانی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو دەزگایە بێنێتە کایەوە.

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە کوردستان دەشڵێت، ھەر لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە تا ئەمڕۆ، یەکێتیی زانایان توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو لە بواری ئایینیدا پێشکەش بکات، لە سەردەمی جیاوازی شۆڕشەوە تا ڕاپەڕین و دەگاتە ئەمڕۆ، بەپێی قۆناغەکانی مێژوو، یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرگریکردن لە کوردستاندا ھەبووە، بەتایبەتی لە سەردەمی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، لە شەڕی خواکوڕکیشدا کەسایەتییەکی وەک مەلا بەحری گیانی خۆی کردە قوربانیی کوردستان و شەھید بوو، لە دوای ڕاپەڕینیش خۆشبەختانە لەگەڵ ئەو ڕەوشە ناھەموارانەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ھاتوون، ھەموو کاتێک مامۆستایانی ئایینی کاریان لەسەر بەرزکردنەوەی بیری نەتەوایەتی و نیشتمانی کردووە.

"جگە لە گەیاندنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، بەردەوام یەکێتیی زانایان میانڕەوی و پێکەوەژیانی کردووەتە پەیامی خۆی و دژی فکری توندڕەوی وەستاوینەتەوە، بە تایبەتی لە سەروەختی ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵیان ھەبوو لە پشتگیریکردنی ھێزی پێشمەرگە و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان، چونکە داعش مەترسییەکی گەورە بوو لەسەر ناوچەکە و پێکەوەژیان بە گشتی." د. عەبدوڵڵا وای گوت.

لە میانەی ھێنانەوەی نموونەکانی پانۆڕامای مێژووی یەکێتیی زانایان بۆ بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان، ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە سەردەمی ڕیفراندۆمیشدا مامۆستایانی ئایینی پشتگیریی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییان کرد، ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبین و ھەموو کاتێک پاڵپشتی ھەڵوێستە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکانی سەرکردایەتیی کوردستان دەبین، دژایەتیی تەواوەتیی ھزری توندڕەوی دەکەین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگایەک بێت بە برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیان قووڵتر بکەینەوە، ھەروەھا ھەموومان ژیان بەرینە سەر بە گیانێکی نیشتیمانپەروەرانەی دوور لە ڕق و کینە و توندڕەوی.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار