٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی حكوومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی (دمدم)ـی زاخۆ لێدا

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ -KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026ی لە هەرێمی كوردستان لێدا.

لە گوتارێكدا كە لە قوتابخانەی (دمدم)ی تێكەڵاو لە زاخۆ پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەت سوپاسی مامۆستایانی كرد كە وێڕای ئەو سەختییانەی هەن، نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن دوابكەوێت. هاوكات دەستخۆشی لە وەزیر و ستافی وەزارەتی پەروەردە كرد بۆ ئەو دەستكەوتانەی لە ڕووی سیستەمی خوێندنەوە بەدەستیان هێناوە.

دەقی وتاری سەرۆكی حكوومەت لە مەراسیمی كردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026: 

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

قوتابیانی خۆشەویست، مامۆستایانی ڕێزدار و قەدرگران

دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 لە ئێوە هەمووان پیرۆز بێت و لە هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت، هیوادارم ساڵێكی پڕ دەستكەوت و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابیان و بۆ مامۆستا و دایك و باوكانی خۆشەویستیش. دەستخۆشییەكی زۆر لە دایكان و باوكان دەكەم بۆ پشتیوانیی ئەوان لە ناردنی منداڵەكانی خۆیان بۆ قوتابخانە، بۆ ئەوەی كە ئاییندە و پاشەڕۆژی گەلی ئێمە گەش بێت و باوەڕێكی پتەوم بەوە هەیە كە ئەو منداڵانە دەبنە سەركردە و وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناغی باشتر دەبەن ئینشائەڵا.

سوپاسێكی زۆری مامۆستایانی قەدرگران دەكەم كە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ناخۆشی و بێمووچەییەك، بەردەوام بوونە لە خوێندن، ئەو مامۆستا كوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆز قەت رێگەیان نەداوە كە خوێندن بەردەوام نەبێت یانیش قوتابی مەحرووم ببێت لە خوێندن. دەستخۆشییەكی زۆر لەو مامۆستایانە دەكەم، بەڕاستی نموونەی خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، ئەو مامۆستایانەن كە سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشییانە دیسان بەردەوام بوونە. هیوای من ئەوەیە كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئینشائەڵا ئەم قەیرانانە بەرەو كۆتایی دەچن و ئینشائەڵا ئەم كێشانە چی دی نامێنن و هەموو كەس و هەموو فەرمانبەران لە كوردستان، بە تایبەتی مامۆستا، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی هەموو مافەكانی خۆیان، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئێمە پشتیوان دەبین لەوەی كە هەر شتێكمان پێ بكرێت، قەرەبووی ئەو زەحمەتییەشیان بۆ بكەینەوە ئینشائەڵا.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشە، من پیرۆزبایی لە هەمووتان و خەڵكی زاخۆ دەكەم، هیوادارم بەردەوام زاخۆ لە پێشكەوتندا بێت. لەو چەند ساڵەی رابردوودا بە خەمخۆری و زەحمەت و ماندووبوونی خەڵكی زاخۆ و بەرپرسانی ئیداریی زاخۆ ئێمە دەبینین كە پێشكەوتنێكی زۆر باشی تێدا هەبووە. زاخۆ هەردەم پێشەنگ بووە لە نیشتمانپەروەری و بەرگری و خۆڕاگری و قارەمانی زۆر گەورە لە شاری زاخۆ دەركەوتوون و بەرگرییان لە وڵاتی ئێمە كرد، ئەمڕۆ دەستی ئاوەدانی لە زاخۆ زۆر دیارە و لە هەموو كوردستان و عێراق و ناوچەكە وەك شارێكی پێشكەوتوو سەیری زاخۆ دەكەن. ئێمە ئەمڕۆش چەندان پڕۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی دیسان خزمەتێكی زیاتر پێشكەشی خەڵكی خۆشەویستی زاخۆ بكەین، نەخۆشخانەی منداڵان دەكەینەوە، پێشانگایەكی نێودەوڵەتیش لێرە هەیە كە ئەویش دەكەینەوە، پاشان بەشی دووەمی كۆڕنیشی زاخۆ كە بووەتە یەكێك لە جوانترین جێگەی هەرێمی كوردستان، ئەویش دەكەینەوە ئینشائەڵا ئەگەر خوا دەرفەت بدات.

خوێندن لە وڵاتی ئێمە زۆر پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەكردنی قوتابیان هێشتا پێویستترە، من دەستخۆشی لە جەنابی وەزیر و ستافی وەزارەت و مامۆستایانی بەڕێز دەكەم بۆ ئەوەی كە لە ماوەی رابردوودا زۆر خۆیان هیلاك كرد بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لە وڵاتی ئێمە بەرەو پێش ببەن، بەڕاستیش گەلێك بەرەوپێش چوو و گۆڕانكاریی مەزن كراوە، سیستەمی پەروەردە كە دەستی پێكرد، ڕاستی دەستكەوتێكی مێژووییە كە گەلێك داتای خوێندن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئێستا بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ مامۆستا و كاربەدەستان بەردەستن و زۆر بە ئاسانی دەتوانن بڕیار لەسەر بنەمایەكی زانستی بدەن بۆ هەر شتێكی پێویست بێت لە ڕووی خوێندنەوە بۆ قوتابخانەكانی خۆیان. هەروەها بەرنامەیەكی دیكە هەیە بۆ باشتركردنی تێكەڵبوونی قوتابیان بە ڕێگەی ئەلیكترۆنی لەگەڵ سیستەمی خوێندن، هیوادارم ئەویش لە ماوەیەكی زوو هەموو بەرنامەكان بكەونە كار، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر گەورە لەسەر ئاستی خوێندن و تێگەیشتنی قوتابیان دەكات و ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەزنە كە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەقیقەت نموونەییە. جارێكی دیكە من دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە هەتانبووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێكی زۆر دراوە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بكرێن، زیاتر لە ٢٠٠ قوتابخانە دروستكراون و نزیكەی ٢٠٠٠ قوتابخانەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نۆژەنكراونەتەوە، هێشتاش پێویستە زیاتر دابین بكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی كە توانای بەردەست ئەوەندە بووە، هەر ئەوەندە كراوە، بەڵام هەوڵی ئێمە بەردەوام دەبێت بۆ دروستكردنی قوتابخانەی زیاتر و ناوەندی زانستیی زیاتر و هاوكاریی زیاتریش بۆ قوتابی و مامۆستا دەكرێت.

جارێكی دیكە هیوادارم سەركەوتوو بن، ئێوە ساڵێكی خۆشتان هەبێت، ئینشائەڵا كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت، خوێندنمان بەرەوپێشتر دەچێت، لە ڕووی پەروەردەییشەوە من داخوازییەكم لە مامۆستا و قوتابی و دایكان و باوكانی خۆشەویست دەكەم كە بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێكی زۆر گرنگ لە سیستەمی پەروەردەیی هەر قوتابخانەیەك و لە هەر ماڵێكدا. وڵاتی ئێمە وڵاتێكی شیرین و پیرۆزە، جێی خەباتكەرانی ئێمەیە، جێی ئەو شەهیدانەیە كە خوێنی خۆیان لەپێناویدا ڕشت، هیوادارم ئەم وڵاتە بە پاكوخاوێنی بپارێزن، پێویستە مامۆستایان قوتابیان تێبگەیەنن كە چەند گرنگە بابەتی ژینگەپارێزی و هەروەها بابەتی نیشتمانپەروەری كە ئێمە و ئەم خاكە لێك جیا ناكرێینەوە، ئێمە خەونی گەلێك مەزن و ئومێدی زۆر گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناغی زۆر پێشكەوتووتر بچێت.

لە كۆتاییدا من داوا دەكەم و هیوام ئەوەیە كە پەیوەندییەكی تەندروست و باش لە نێوان قوتابیان و مامۆستایان هەبێت لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن، نەك ترس و ناچاربوون، پێویستە هەموو قوتابیان ڕێز لە مامۆستایان و دایكان و باوكانی خۆیان بگرن، مامۆستا و دایك و باوكیش پشتیوان بن بۆ ئەوەی هەموو قوتابیانی ئێمە هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ و بەرەو قۆناغێكی گەشتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر هەنگاو بنێن.

 

پیرۆزە جارێكی تر و دەستخۆشی لە ئێوە هەمووتان دەكەم.

هەواڵی پەیوەندیدار