وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ KDP دەدوێت

ھەولێر-KDP.info- سبەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردەش ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ وەک وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاریی تەواومان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە و سبەی پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئێستا و ئەوەی لە توانای وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئامادەکاریی تەواو بۆ پرۆسەی خوێندن کراوە و ئەنجوومەنی وەزارەت ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و ساڵنامەی خوێندنی دیاری کردووە و خشتەی بەشە وانەکانی بۆ ناوەندەکانی خوێندن دیاری کردووە، ھەروەھا لە ڕووی ئامادەکاریی دیکەوە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی میلاکات بە ھەوڵی مامۆستا و بەڕێوەبەری پەروەردەکان و سەرپەشتیاری و لیژنەیەکی باڵاش لە وەزارەت، کاری باش کراوە و لە ڕووی دابینکردنی ڕەحلەوە توانراوە تا ئێستا ١٠ ھەزار ڕەحلە بۆ ساڵی نوێ دابین بکرێت و ٢٨ بینای تازەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکرێنەوە، کە ٣٠ قوتابخانە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کاریان تێدا دەکرێت و ئەوانیش بە ڕێژەی جیاجیا تەواو بوون.
وەزیری پەروەردە ھەروەھا ڕوونیکردەوە، لە ڕابردوودا ٢١٤ قوتابخانەی تازە دروستکراون و لە چوارچێوەی سیاسەتی فراوانکردنی قوتابخانەکان ٦٢٩ ژوور دروستکراون و بە ستانداردی جیھانی ئەگەر ھەر ژوورێک ٢٥ قوتابی حیساب بکەین، ١١٠ ھەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابیان دابین کراوە، ئەمەش ڕۆڵی لە چارەسەری گرفتەکاندا ھەیە.
د. ئالان گوتیشی، ھەر لەم کابینەیەدا ھەزار و ٦٧٠ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و تەنیا ئەمساڵیش ٤٣٤ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، کە ئەمانە ھەموو بەشێک لە گرفتەکانیان چارەسەر کردووە و سێ دەوامی لە ١٣٩ قوتابخانەوە ھێنراوەتە ١١ قوتابخانە و لە ھەر شوێنێک پێمان کرابێت، کارمان کردووە.
ناوبراو دەشڵێ، ٢٢ ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٤ پەرتووکی نوێ لە پرۆگرامی نوێ نێردراون بۆ پارێزگا و قەزا و ناحیەکان بۆ قوتابخانەکان بۆ دابەشکردن و لە پرۆگرامەکانیشدا ٥٠٠ ناونیشان گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، کە ئەمساڵیش چەندین پەرتووکی نوێ دەخونێدرێن و گرێبەستمان بۆ گۆڕینی ھیچ پەرتووکێک نەکردووە، بەڵکو ھەمووی بە دەستی خۆماڵی و خۆبەخشی کراوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دراوە بۆ دابینکردنی ھەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان و دراوە بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا نەوت دابین بکەن و ئەمساڵیش ژمارەی مامۆستای میلاک و گرێبەست ١٤٨ ھەزار مامۆستا ھەیە لەگەڵ ٣٣ ھەزار فەرمانبەری وەزارەت، ھەروەھا ژمارەی قوتابیان لە کەرتی حکوومی ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار قوتابی و لە کەرتی ناحکوومی ١٥٤ ھەزار قوتابییە و ژمارەی قوتابخانە حکوومییەکانیش شەش ھەزار و ٨٤٤ قوتابخانەن و قوتابخانە ناحکوومییەکانیش نزیکەی ٥٩٤ ناوەندی خوێندنن. جگە لەوانەش، تۆماری نوێ بۆ پۆلی یەک ١٣٩ ھەزار قوتابی پەیوەندییان کردووە و ژمارەکە زیاتر دەبێت و ھێشتا بەشێک ماون تۆمار بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




