بەبۆنەی ٥٥ ساڵەی دامەزراندنیانەوە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئەم پەیامەیان راگەیاند

ھەولێر -KDP.info- بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵیادی پەنجاوپێنج ساڵەی دامەزراندنیەوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی گرنگ و تایبەتی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:
بهناوی خوای بهخشندهی میهرهبان
((وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِیعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَیْكُمْ)) آل عمران:103.
لە یادی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزباییهكی گهرم ئاراستەی سەرجەم زانایانی بەڕێزی ئایینی و گەلی کورد بەگشتی دهكهین.
یهكێتی زانایان له 21/9/1970 لهپێناو ئامانجگەلێکی گرنگی ئایینی و پیشەیی و نیشتمانی، لهسهر ڕاسپارده و سهرپهرشتی ڕاستهوخۆی سهركردهی نهتهوهیی مهلا مستهفای بارزانی له گهڵاڵهی باڵهكایهتی دامهزرا، کە تا ئێستاش لە خزمەتی بێوچان و ماندوونەناسانە و بەدیهێنانی مافه ڕهواكانی زانایانی ئایینی و پارێزگاری لە دین و پاراستنی بەها و سنوورەکانی دینداری و پشتیوانیكردن له مافه نهتهوهییو نیشتمانییهكان بەردەوامە.
ڕێڕەوی کارکردن و هەوڵدانی یەکێتی زانایان درێژەدانە بە ڕێبازی گەورەزانایانی کورد، لە چوارچێوەی شرۆڤە و تێگەیشتنی دروست و زانستی بۆ دەقەکان و بەستنەوەی دوێنێی توراسی ئیسلامی بە ئەمرۆ و گونجان لەگەڵ پێشهات و پرسە نوێیەکان، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆمان، برەودان بە دینداری، پەروەردە و پاراستنی بەها ئایینی، ئەخلاقی، خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان لەلایەک و گەیاندنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە یەکتری و نەهێشتنی ڕق، کینە و بیری توندڕەوی، لەلایەکی ترەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
تەئکید لە پەیامی برایەتی و زمانی ڕێز لە مومارەسەی دینداری دەکەینەوە، پێویستە هەمووان تایبەتمەندی ڕێڕەوی عەقیدە، مەزهەب، یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی نێو موسڵمانانی کوردستان لەبەر چاو بگرن، نابێ ئایین بکرێتە کەرەستەی ململانێی ناجۆر و درز و پەرتەوازەیی، بەڵکو بە پابەندی لە ڕێبازی پڕ ڕەحمەتی ئیسلام و پێشەوای مرۆڤایەتی (محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت) دەبێ لە بازنەی برایەتی و ڕێزگرتن لە یەکتری پەرە بە ڕەوشی دینداری و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەین، لە قۆناغی چاکبوون بەرەو قۆناغی چاککردن بڕۆین، بەوە دەتوانین هەموو ئەو ئاڵنگاری و پێشهاتانە بوەستێنین کە زیانی بۆ کیان و کۆمەڵگە هەیە.
داوا دەکەین سەرجەم لایەنەکان تەبایی و یەکهەڵوێستی نیشتمانی ڕابگرن و لەئاست بەرپرسیارێتی و دابینکردن و پاراستنی مافی گشتی هاووڵاتییان بن، بە گرنگی دەزانین هەمووان بایەخی زیاتر بە ڕەوشی ئایینی، مزگەوت، زانایان، پاراستنی پێگەی ئایین و خوێندنی ئیسلامی بدەن، چونکە ئایین و نیشتمان لێک جیا ناکرێنەوە و پاڵپشتی هەرە گەورەش بۆ ئایندەی کوردستان ئەم ڕەهەندە گرنگەیە، لەم ڕووەوە ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە بواری ئایینی و پیشەیی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەین.
دووبارە پیرۆز بێت 55 ساڵ خزمەت و بەردەوامی.. خوای گەورە هەموو لایەک سەرفراز بکات.
یهكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
20ی9ی2025




