٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ده‌قی وتاره‌كه‌ی مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- مەسروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوره‌سمێكدا جووتسایدی نوێی شێخان - لالشی كرده‌وه‌، له‌و ڕێوره‌سمه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌ت، وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، سه‌رباری قه‌یرانه‌كان، به‌ڵام كاروانی ئاوه‌دانی نه‌وه‌ستا. سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان به‌رده‌وام ده‌بێت."

ده‌قی وتاره‌كه‌ی مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشك و برایانی هێژا

ئامادەبوانی قەدرگران

بەخێرهاتنێكی گەرم لە ئێوە هەمووتان دەكەم

بە تایبەت سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێز میر حازم و بابە شێخ و جڤاتی رۆحانی و كەسایەتییەكانی ئۆلی و ئایینیی ئەم دەڤەرە دەكەم كە لەم مەراسیمە و لەم بۆنەیەدا بەشدارن.

پێش ساڵێك ئێمە لێرە بووین و بەڵێنمان دا كە شەقامی شێخان بۆ لالشی پیرۆز دەكەینە جووتساید، سوپاس بۆ خوا پاش ساڵێك گەڕاینەوە و ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم شەقامە.

بێگومان هەر كارێك ئێمە بكەین، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆمان، ئەركی ئێمەیە، بە تایبەت ئەم دەڤەرە كە دەڤەرێكی زۆر گرنگە لە لایەنی مێژوویی و ئایینی و پێكەوەژیان و شۆڕشگێڕیی مێژووی گەلی ئێمەدا خەڵكێكی زۆر شۆڕشگێر لەم دەڤەرە رابوون، ئەركی ئێمەیە خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین، بۆیە هەر كارێك بكەین ئێمە بە ئەركی دەزانین و خۆشحاڵین كە ئەمە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەم دەڤەرە ئەنجام دراوە و بێگومان ئەم پڕۆژانەش بەردەوام دەبن لەسەر ئاستی پارێزگا و لە شوێنی دیكەش.

خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی بەشێكی ڕەسەنی كوردستانن و هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی، كوردی رەسەن ئێزدینە. لەبەر ئەوە بە هیچ جۆرێك ئێمە لێك جیا ناكرێینەوە. من دەزانم ئەم دەڤەرە چەندە گرنگە بۆ خوشك و برایانی ئێزدی و زۆر خەڵك لە سەرانسەری جیهان دێنە ئێرە و سەردانی لالشی پیرۆز دەكەن، پاش چەند ڕۆژێكی دیكەش وەك ئێمە بیستمان دیسان زیارەتكار دێنە ئێرە. هیوادارم ئەم خزمەتگوزارییە ئاسانكاری بكات بۆ هاتوچۆی خوشك و برایانمان و هەروەها ئەم شەقامە خزمەتی خەڵكی دیكەش بكات كە ئەم دەڤەرە پێكەوە گرێ دەدات.

پڕۆژەی دیكەش هەن كە ئەوانیش ئەنجام دەدرێن، ئەمانەش هەموویان پێكەوە گرێ دەدرێن و بەهۆیانەوە بابەتی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیان ئاسانتر دەكات و ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆی كەمتر دەكەنەوە و بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان زۆر باشتر دەبێت. هیوای من ئەوەیە كە هاووڵاتیش كارێكی وا بكەن كە ڕەچاوی ڕێنماییەكانی وەزارەت و پۆلیسی هاتوچۆ بكەن بۆ سەلامەتیی خۆیان و كەسوكار و هاووڵاتیانی دیكەش.

باوەڕیی ئێمە ئەوەیە كە چەندی ئێمە بتوانین خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین، پێكەوە دەتوانین بەختەوەرتر ببین. ئێمە دەمانویست پشتیوانییەكی زیاتر لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان بكرابایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی كە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەكانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران، بەشێكی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە باوەڕێكی زۆریان بە حكوومەتی هەرێم هەیە و ئەم پڕۆژەیان لەسەر ئەركی خۆیان جێبەجێ كرد، جێی دەستخۆشییە. لەبەر ئەوە من پێمخۆشە سوپاسێكی تایبەتی كۆمپانیای جێبەجێكار بكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە كە بەڕاستی بە ماوەیەكی زۆر كەم و بە ستانداردێكی جیهانی و نێودەوڵەتی ئەم شەقامەیان جێبەجێ كرد. دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم بەردەوام بن لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی دیكەش لە هەر شوێنێك كە ئەم ئەركەیان پێ بسپێردرێت.

من پێم خۆشە لێرە باسی بابەتی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە بكەم كە ساڵانێكە رووبەڕووی ناخۆشی و نەهامەتی بوون، بەڵام هەموو كاتێك بەهێزتر مانەوە و لەسەر پێی خۆیان وەستانەوە و ڕووبەڕووی پیلانی دوژمن و ناحەزان بوونەوە. من یەكێكم لەو كەسانەی كە وەك شاهێد كاتێك لە خزمەتی جەنابی سەرۆكدا بووین لەو كاتەی داعشی دڕندەی تیرۆریست هێرشی هێنایە سەر شنگال، جەنابی سەرۆك ئەوكات فەرمانی كرد یان شنگال ڕزگار دەكەین، یانیش دەبێ ئێمە هەموومان خۆمان لەسەری دابنێین. بە پشتیوانیی خوا، جەنابی سەرۆك، سەركردایەتیی لەشكری كوردستانی كرد بۆ ئازادكردنی شنگال و پاش ١٠٠ ڕۆژ، بەڵێنی جەنابی سەرۆك بەجێ هێندرا. ڕاستە ئێمە سەدان شەهیدمان دا، بەڵام ئێمە وامان نەكرد كە ئیرادەمان بشكێندرێت، جەنابی سەرۆك سەربڵندیی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە لە هەموو شتێك بەلاوە گرنگتر بوو كە جارێك لەسەر چیای شنگال فەرمانی كرد و گوتی، ئێستا ئێمە لێرەین و سەری دوژمنانی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە لە بن پێی ئێمەدایە.

ئەم پێكەوەژیانەی كە لە كوردستاندا هەیە و ئەم پەیوەندییە ڕەسەنەی لە نێوان ئێزدی و ئێمەدایە، ئەمە بە هیچ شتێك لێك جیا ناكرێتەوە، هەرچەندە هەوڵی زۆر دەدرێن بۆ ئەوەی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە لە شنگال دوور بخەنەوە. ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی شنگال لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی جێبەجێ بكرێت، بەڵام دیسان هەتا ئەم كاتەش ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە، چونكە هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە كە داخوازیی ئێمە لە حكوومەتی فیدرالی ئەوەیە كە هەنگاوی جددی بنێن و ئاسانكاریی بكرێت تاوەكوو خوشك و برایانی ئێزدی بە سەربڵندی بگەڕێنەوە شنگال، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی ئێمە، چ ئێزدی بن، موسوڵمان بن، عەرەب بن، توركمان بن، كریستیان بن، بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو دەڤەرەی كە بەداخەوە لەبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان بەجێهێشترا، پێویستە هەر بگەڕێنەوە و گرێدانی خاك و ئاوی ئێمە بە هیچ پیلانێكی سیاسی لێك جیا ناكرێتەوە.

من نامەوێ زۆر كاتی ئێوە بگرم، بەڵام دیسان حەز دەكەم بە دەرفەتی ببینم و بۆ خوشك و برایانی هێژا باسی ئەوە بكەم كە گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش لەسەر بابەتی دابینكردنی بودجە و مووچە بەردەوامن، زۆرجار ئێمە گوتوومانە كە هیچ ئاستەنگێك نەماوە، بەڕاستیش لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە هیچ جارێك هیچ ئاستەنگێك دروست نەكراون، هەموو جارێك هەر بیانوویەك هەبووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لایببەین بۆ ئەوەی بابەتی شایستەی دارایی خەڵكی كوردستان دابین بكرێت. لە دوایین گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، ئێستا وەك ئەوەی من ئاگادار كراومەتەوە كە لە نێوان كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی دیارە تێگەیشتن و رێككەوتنێك هەیە، ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگەی كە هەتا ئێستا ماوەتەوە. هیوای من ئەوەیە كە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ڕێككەوتنە ببێتە واقیع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەك و حكوومەتی عێراقیش پابەندیی خۆی بەرامبەر بە ماف و هەقی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. هیوای من ئەوەیە بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی لە ماوەیەكی نزیكدا ئینشائەڵا.

من كاتی ئێوە زیاتر ناگرم. هیوای من سەركەوتن و بەختەوەریی ئێوەیە، ئینشائەڵا كوردستانی ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت، زۆر سوپاس.

هەواڵی پەیوەندیدار