پارێزگاری دهۆک موژدەیەکی دیکەی دایە خەڵکی شێخان

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی جووتسایدی لالش-شیخان لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، جگەلەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون، چەندین پڕۆژەی دیکە لەناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.
شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی جووتسایدی لالش-شیخان لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "پێش ساڵێک سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی دانا و ئەمڕۆ پڕۆژەکە دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پار بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە داندرا و پشکی شێر بەر شێخان کەوت کە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانە، ئەو شوێنە پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدییە، پڕۆژەکە ڕێزگرتنە لە پێکەوە ژیانی کوردستان.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، کابینەی نۆیەم، سەرباری قەیران و ئالنگارییەکان، لە پڕۆژەکانی ئاوەدانی بەردەوام بووە، گوتی: ئێمە هەزار و 342 پڕۆژەمان لەماوەی پێنچ ساڵدا جێبەجێ کردووە، هەندێ لە پڕۆژەکان چەند پڕۆژەیەک لەخۆ دەگرن، 894 پڕۆژە تاکو ئێستا تەواو بووە و کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتییان، 448 پڕۆژەی دیکە کاریان تێدا بەردەوامە.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا، 517 کیلۆمەتر ڕێگهکانی دەرەوەی شار دروستکراون ، هاوکات ڕێگەی 228 گوند قیرتاوکراون کە دەکاتە 677 کیلۆمەتر، لەنێو شاریشدا، شەقامی 10 مەتری تاکو 60 مەتری بەدرێژی 550 کیلۆمەتر دراوستکراون، بەمەش کۆی شەقامەکانی لەنێو شار و ڕێگەکانی دەرەوەی شار قیرتاوکراون گەیشتووەتە هەزار و 744 کیلۆمەتر بەڕێگەی ئۆتۆبان و شەقامە ناوخۆکانی شار و ناوچەکان.
عەلی تەتەر ڕایگەیاند: دوو مانگ بەر لە وادەی خۆی، کۆمپانیای نۆرسلایت پڕۆژەی جووتسایدی لالش-شێخانی تەواوکرد و کۆڵان و ڕێگەناوخۆییەکانی چەند گوندێکی دەورووبەری پڕۆژەکەشی قیرتاو کرد.
پارێزگاری دهۆک موژدەیەکی دیکەی دایە خەڵکی شێخان، کە پڕۆژەی جووتسایدی پردی باعەدرێ بۆ دهۆک جێبەجێ دەکرێت، گوتی: ڕێگەیەک هەیە لەو ناوچەیە زۆر خراپە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بکرێتە دوو ساید و ڕێگەی خەڵک ئاسان بکرێت بۆ گەیشتن بە دهۆک.




