٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی گەورەترین پارک لە پارێزگای دھۆک دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- گەورەترین پارک لە پارێزگای دھۆک تەواو بووە و بڕیارە سبەی لە مەڕاسیمێکی شایستەدا بەڕووی هاووڵاتیانی پارێزگای دھۆک بکرێتەوە، کە لەئێستادا بە گەورەترین پارک لەسەر ئاستی پارێزگاکە دادەنرێت، ئەویش پارکی سەرھەڵدانە.

شێروان حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پارکی سەرھەڵدان لە پارێزگای دھۆک لەئێستادا گەورەترین پارکە بەشێوەی ستانداردی نێودەوڵەتی لەسەر ڕووبەری ٤٧ دۆنم زەوی لە سەنتەری پارێزگای دھۆک دروستکراوە و شەقامیشی بۆ دروستکراوە و ھەموو ئەوەی پێویستە بۆ پارک تێدا دروست کراوە و پارکێکی زۆر گەورەیە و خزمەتێکی زۆر باشی ئەو پارێزگایە دەکرێت، چونکە ماوەی ھەفتەیەکە تەواو بووە و تەنھا ماوە بکرێتەوە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بەزیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان دەدات و بەکردنەوەی ئەو پارکە دەبێتە ھۆی ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای دھۆک زیاد بێت، چونکە جگە لەو پارکە ئێستا پارکی ئالۆکاش لە بواری جێبەجێکردن دایە کە ئەویان لە پارکی سەرھەڵدانیش گەورەترە، بۆیە گرنگی زۆر بە دروستکردنی پارک و باخچە لە پارێزگای دھۆک دەدرێت و بڕیارە سبەی بەفەرمیی ئەو پارکە بکرێتەوە.

پارکی سەرھەڵدان بە گوژمەی چوار ملیار دینار دروستکراوە لەسەر ڕووبەری ١٢٢ ھەزار مەتر دووجا و٧٥%ی بۆ سەوزایی تەرخانکراوە و چەندین خزمەتگوزاری وەکو خواردنگە و کافتریا و نافوورە و مەیدانی چالاکی و شوێنی تایبەت بەیاری منداڵان و شوێنی وەرزشکردن و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلی تێدایە و سیمایەکی جوان بە پارێزگای دھۆک دەبەخشێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار