٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی ئایینی له‌ ڕێگه‌ی KDPیه‌وه‌ باسی كاروانی ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، زنجیرەی ئاوەدانییەكانی بەردەوامە و لە گەورەترین ئەو هەنگاوانەی ناویەتی پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری و دروستكردن و بنیاتنانی ڕێگه‌ی نێوان شارەكان و شەقامی ناوشارەكانە بە ستانداردی نێودەوڵەتی، لەمبارەشەوە مامۆستایانی ئایینیی دڵخۆشی خۆیان بەو پڕۆژانە دەردەبڕن و دەڵێن، دەبێت هاووڵاتییش هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بێت.

په‌یوه‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاوه‌دانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاوات نەقشبەندی، گوتاربێژی مزگەوت و خانەقای حاجی شێخ ساحیبی ناحیەی زەڕاین، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتی، "حكوومەت گرنگیەکی زۆری داوە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، بە تایبەت ڕێگه‌وبان، لە ئێستادا لە ئاستێكی كوالێتیی بەرز بنیات دەندرێن، ئەو ڕێگه‌وبانانەی ئێستا دەیان بینین، نەهاتووە بە خەیاڵماندا شەقامێکی لەو شێوەیە بنیات بدرێت، هەروەها ئێستا بووینەتە خاوەنی ڕێگه‌وبانێكی باش و دەبێت یاساكانی هاتوچۆش پەیڕەو بكەین، بەتایبەت ئەم ڕێگه‌یانە ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەم دەكەنەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناكییش، نەقشبەندی دەڵێت، "پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری زۆر گرنگ بوو، بەهیوای لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەموو كوردستان بە تەواوەتی بگرێتەوە، داواش لە حكوومەت دەكەین ڕەچاوی نرخی بكرێت بۆ هاووڵاتیان، مۆلیدەكان بارگرانی بوون بەسەر حكوومەت و هاووڵاتییەوە.

"خوای گەورە و پێغەمبەر (د.خ) فه‌رمانیان پێكردووین، هەرشتێک زیادەڕەوی تێدا بكرێت حەرامە، چونکە كارەبا پرسێكی گەورەیە لە دونیادا، كارەبا لە ئاو و خۆر و وزەی نەوت و غاز بەرهەم دێت، زیادەڕەوی لێكردنی كارێكی ناپەسەندە". گوتاربێژەكەی زەڕایەن وای گوت.

هەر په‌یوه‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاوه‌دانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مەلا نوورەدین هەورامی، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی تەوێڵە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بە ئاوات بووین كارەبا بكرێت بە 24 كاتژمێری و مۆلیدەمان لە كۆڵ ببێتەوە، دەستخۆشییان لێ دەكەین، داوا دەكەین پڕۆژەی وا گرنگ بەردەوام ئەنجام بدەن، چونکە كارەبا بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە ژیانی خەڵكەوە، ئێمە حەزدەكەین بەشێوەیەك بێت هاووڵاتی لە زیادەڕەوی لەسەر كارەبا دوور بكەوێتەوە، بەتایبەت ئەو ئامێرانەی کە کارەبایەکی زۆر بەهەدەر دەدات.

وتاربێژی مزگەوتی تەوێڵە ئاماژەی بەوەش کرد، "مۆلیدە دوو زیانی هەیە، یەكەم بۆ ژینگەی هاووڵاتیان زیانی گەورەی هەیە، هەروەها خەڵكی پارەیەكی زۆر بە كارەبای مۆلیدە دەدات و ئەوەش ئەركی سەرشانی داراییان قورس دەكات.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار