"وەزارەتی پەروەردە کێشەی کەمی میلاکی چارەسەر کرد"

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "کێشەی کەمی میلاک لە وەزارەتی پەروەردە چارەسەر کراوە، ھەفتەی داھاتوو بە بەشداری نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار قوتابی ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات."
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە زەنگی یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن لێ دەدرێت و ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکات و ئامادەکاری کراوە و میلاک ڕێکخراوە و پەرتووک چاپ کراوە و دابەش کراوە، تەنیا ماوە لە ھەفتەی داھاتوو زەنگی خوێندن لێبدرێت و خوێندن دەست پێبکات، دوێنێش وەزیری پەروەردە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕێکخستنەوەی میلاک پێشکەشکردووە، پەروەردەکانیش بانگکراون بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات، ئەو بۆشاییەی ھەبوو پڕکراوەتەوە کە نزیکەی ١٠ ھەزار کەسمان بە مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین بوون، لەوانە ٥ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستان، بۆیە ئەو بۆشاییەی دروست بوو ٩٥%ی چارەسەر کراوە، ئەوەی ماوە ئەویش چارەسەر دەکرێت بێ ئەوەی یەک مامۆستای تازە دابمەزرێت، تەنیا بە میلاکی خۆمان ڕێکمان خستووەتەتە."
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج گوتیشی "١٠ ڕۆژە وەزیری پەروەردە ڕۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەکان لەبارەی ڕێکخستنەوەی میلاکات کۆبووەتەوە، ئەمساڵ بەبەشداری ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار قوتابی ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، پێش ئەوەی پرۆسەی خوێندنیش دەست پێبکات سەرجەم کێشەکان چارەسەرکراون."
بڵند ئیبراھیم




