٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە... پێویستە توندتر بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بە گوتەی بەرپرسێکی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، ماددەی ھۆشبەر بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر کوردستان و دەشڵێ، لە رێگەی ھەڵمەتێکی شەش ھەفتەییەوە خەڵکی ھۆشیار دەکەینەوە و بەشێک لە گەنجانی ئێمە لەناو ژەھردا دەژین.

گۆڤەند ئاکرەیی، بەرپرسی لقی ھەولێری دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، وەک دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، دەستمان بە ھەڵمەتێک کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، دەزگاکەمان لە ٢٠ لق پێکھاتووە و لەسەر ئاستی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بەڕێوەدەچێت. پڕۆژەکەشمان لە پێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان و ئاشناکردنیانە بە مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر و پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، لەبەر ئەوەی ماددەی ھۆشبەر مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و پێویستی بە ھاوکاریی ھەموو کەسێک ھەیە.

بەرپرسەکەی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە گوتیشی، ئەرکی ھەموو لایەکە پێکەوە بەرەنگاری ماددەی ھۆشبەر ببینەوە، بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی و کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کار بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک بکەن لەبارەی مەترسیی ماددەی ھۆشبەر، کە بەگوێرەی ئامارەکان ماددەی ھۆشبەر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و رێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە.

ئاکرەیی، ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، داوا لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین سنوورەکان توندتر بکرێن، بۆ ئەوەی رێگریی زیاتر لە ماددەی ھۆشبەر بۆ ناو ھەرێمی کوردسان بکرێت، چونکە چەندین خێزان بەھۆی ماددەی ھۆشبەرەوە ھەڵوەشاونەتەوە و بەداخەوە بەشێک لە گەنجانی ئێمە لە نێو ژەھردا دەژین و ئەرکی ھەموومانە رزگاریان بکەین.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار