وەزیری تەندروستی بۆ KDP: بێ جیاوازی دەرمان بۆ ھەموو شارەکان دابین کراوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا بوودجەی بۆ دەرمان زیاد کردووە و لە دابینکردنی دەرمانیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جیاوازی لە نێوان شارەکاندا نەکردووە، بوودجەی بۆ ھەموو شارەکان دابین کردووە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کێشەی دەرمان گشتییە و لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ھەیە، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی نییە و پێش ئەوەی بچمە سلێمانی و سەردانیان بکەم، لەگەڵ وەزیری دارایی و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش قسەی لەسەر کرا، بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، دواتریش سەردانی سلێمانیمان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک گفتوگۆمان کرد، بە پەیوەندیی تەلەفۆنییش لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمان کرد، تەندروستیی سلێمانی بۆ ڕاگەیاندن باسی ئەوەی کردووە، ئەگەر کێشە دارییەکانمان خەرج نەکرێت ڕەنگە لە داھاتوودا بەشێک لە نەشتەرگەرییەکان ڕابگرین، ئەوە پێشھات و پێشبینییە و نەگەیشتووەتە ئەو دۆخە و ڕانەگیراوە، بەڵێنیش دراوە چارەسەر بکرێت.
وەزیری تەندروستی دووپاتی کردەوە، ئەو کێشەیەی لە سلێمانی ھەیە، لە دھۆک و ھەولێریش ھەیە، چونکە ئێمە بۆ بوودجەی دەرمان حەوت ملیار دینارمان ھەیە، پێشتر پێنج ملیار دینار بوو، سەرۆکی حکوومەت زیادی کردووە، ئەوەش دابەشی سەر حەوت فەرمانگەی تەندروستی کراوە، دەسەڵاتی تەواوی خەرجکردن و گرێبەستکردن ھیچی بۆ وەزارەت نایەت، ئێمە تەنیا چاودێری دەکەین و پاڵپشتییان دەکەین، ئەوەی دیکە ھەمووی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستییەکان دەڕوات، بۆیە ئەوەی ھەیە کێشەی سیولەیە، ئەگەر بانک سیولەی نەبێت ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت.
بەرزنجی گوتیشی، سێ ساڵ پێشتر ئەو گرفتە ھەبوو، بڕیار درا ٥ ملیار دینار بە شێوەی کاش بدرێت، پشکی سلێمانی مانگانە دەگاتە نزیکەی ٢ ملیار دینار، ساڵانە دەگاتە ٢٧ ملیار دینار، بۆ دەرمان ٨٠% بە کاش بدرێت ئەوەی دیکەش دەچێتە سەر حیسابی کۆمپانیاکان، ئەگەر ئەوەی ماوە نەدرێت و کەڵەکە بێت، ئەوکات کۆمپانیاکان دەرمان دابین ناکەن، بۆیە ھەندێک دەرمان ھەیە بۆ نەشتەرگەری، ئەگەر دابین نەکرێت کار ڕادەگرێت، بۆیە لە دھۆک و ھەولێریش کێشەی سیولە ھەیە، ڕەنگە ھەندێک جیاوازیی کەم لە پارێزگاکان ھەبێت، چونکە کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە.
وەزیری تەندروستی ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە، لە زاخۆ تا کفری و کەلاریش بۆ ھەموو کێشەکان و نەخۆشییەکان ھاتووینەتە سەر ھێڵ، بە شەو چوومەتە سلێمانی کە کێشە ھەبووە، کیسی خوێن کەم بووە دابین کراوە و یەک کیس ھەبووبێت بێ جیاوازی دابین کراوە، چونکە زۆر جار دەرمان ھەبووە لە ھەولێر نێردراوە بۆ سلێمانی، لە کوێ پێویست بێت لە شوێنێک کە ھەبێت بۆی دابین دەکەین، ئێمە بۆ دابینکردنی دەرمان دوو سەرچاوەمان ھەیە، یەکێک بەغدایە ٥٠%ی ڕەوانە دەکات و ئەوەی دیکە ڕەوانە ناکات، ھەندێک بابەت ھەیە لە بەغدا نایەت، بەشێکی لە بەغدا دێت، سەرچاوەی دیکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەی تایبەتی داناوە و دابینی دەکات، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا بوودجەی دابین کردووە و زیاد بووە، بۆیە ھەر کێشەیەک لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت بێ جیاوازی چارەسەر دەکرێت و کێشەی کەمیی دەرمانیش لە سلێمانی چارەسەر کراوە.
بڵند ئیبراھیم




