گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- لە قەزای بەردەڕەش یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو بە گوژمەی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و ئێستا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا کراوە، لەماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی پڕۆژە دادەنرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بۆ پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی بەردەڕەش گرێبەست لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئیمزا کراوە و بوودجەی پڕۆژەکە ٤٢٨ ملیار دینارە، لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی پڕۆژەکە دادەنرێت و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: لە قۆناغی یەکەم دیزاینی پڕۆژەکە دەکرێت، دواتر دیاریکردنی شوێنی بەستنەوەی بۆڕییەکان، دوای ئەوەش وێستگەی سەرەکی ئاو دروست دەکرێت کە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو و ٧٠ گوندیش لێی سوودمەند دەبن، زیاتر لە ٢٠٠ بیری ئاویش دادەخرێن و لەجیاتی ئەوان سوود لە ئاوی ئەو پڕۆژەیە وەردەگرن بۆ خواردنەوە، کێشەی کەمی ئاو بەتەواوی لە بەردەڕەش چارەسەر دەکرێت.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە پڕۆژەی ستراتیژی ئاو دەدرێت، تاوەکو ئێستاش چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئاو جێبەجێ کراون، گرنگترینیان پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای ھەولێرە.
بڵند ئیبراھیم




