به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ل: پڕۆژه‌كانی ئاژه‌ڵداری زۆر زیادی كردووه

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ل ده‌ڵێ: ڕێژه‌ی پڕۆژه‌كانی ئاژه‌ڵداری به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه، ئێستا زیاتر له سه‌د پڕۆژه‌ی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ هه‌یه.
فیراس سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پێش شه‌ش ساڵ له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا 65 پڕۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری هه‌بوون، وزه‌ی به‌رهه‌مهێنان 21 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ بوو، به‌ڵام ئێستا له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان 103 پڕۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری هه‌یە و ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان 127 هه‌زاره، به‌وه‌ش ڕێژه‌ی پڕۆژه‌كان و به‌رهه‌مهێنان زۆر زیادی كردووه، ده‌توانم بڵێم سه‌دا 600 زیاد بووه."
به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ گوتیشی "زیادبوونی ڕێژه‌ی پڕۆژه‌كانی ئاژه‌ڵداری بۆ پشتیوانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری دەگەڕێتەوە، هه‌موو كارئاسانییه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر و جووتیاران ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت پڕۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری دابمه‌زرێنن، هه‌روه‌ها ڕێنماییه‌كان هه‌موار كراونه‌ته‌وه بۆ كارئاسانی زیاتر."
فیراس سدیق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئه‌و پڕۆژانه‌ی ئاژه‌ڵداری بۆ دوو مه‌به‌سته، یه‌كیان به‌رهه‌مهێنانی گوشتە ئه‌وه‌ی دیكه بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیرە، ئێمه ئێستا گه‌یشتووینه‌ته قۆناغێكی باش له به‌رهه‌مهێنان، پێشبینی ده‌كه‌ین بۆ ساڵانی داهاتوو به‌پێی ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی له بواری شیردا دراون بگه‌ینه قۆناغی خۆبژێوی."
قائید میرۆ




