سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكى ئاشوورییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه

ھەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2025/9/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیى له شاندێكى ئاشوورییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز سام ده‌رمۆ، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ئاشوورییه‌كان له‌پێناو دادوه‌ریدا كرد كه له ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئاشووریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له ئه‌مه‌ریكا، پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا دۆخى ئاشوورییان و پێكهاته‌كان له عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و پێگه و ئاماده‌یى و ئێستا و داهاتووى ئاشوورییان و پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
شاندى میوان ستایش و پێزانینى خۆى بۆ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردنى نێوان پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و پشتیوانى و هاوكارییه‌ى له‌دواى ساڵى 2003ـه‌وه له هه‌رێمى كوردستان وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كى ئارام بۆ ئاشوورییه‌كان و پێكهاته‌كان به‌گشتى، پێشكه‌شى كردووه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى، سه‌ردانى شانده‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان به گرنگ و پێویست بۆ كارى هاوبه‌ش له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى هه‌رێمى كوردستان له پاراستنى پێكهاته‌كان و كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵ و هاوبه‌شیى ئاشوورییان و پێكهاته‌كانى له هه‌موو كایه‌كانى ژیاندا له هه‌رێمى كوردستان، كرد.
ئامادەیی و بەشداریی ڕه‌وه‌ندى ئاشوورى و پێكهاته‌كان له ئه‌مه‌ریكا و ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




