٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

توانای وەرگرتنی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک بەرز دەبێتەوە بۆ دوو هەزار کەس

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- وەک بەشێک لە هەوڵی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، ڕۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری جێگری سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت سەردانی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی لە ئەتروش و فیرقەی ۹ی پیادەی لە زاوێته کرد.

لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی بەسەرکردەوە و ‌لە لایەن فەرماندەی بنکە و ئەفسەرانەوە پێشوازی لێکرا، پاش کۆبوونەوە و دیداری نێوانیان، بەشە جیاوازەکان و گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنانەکانیان بەسەرکردەوە کە لە ئێستادا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردندان و یەکێک لە دەرئەنجامە گرینگەکانی سەردانەکەش بەسەرکردنەوەی هۆڵە نوێیەکان بوو کە بە سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتوو لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دروستدەکرێن و بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش لە ماوەیەکی نزیکدا توانای وەرگرتنی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک لە پێنج سەد کەسەوە بەرز دەکاتەوە بۆ دوو هەزار کەس.

لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بارەگای (کاتی) فیرقەی ۹ی پیادەی لە زاوێتە بەسەرکردەوە و لە لایەن لیوا کەریم هیتوتی فەرماندەی فیرقە و ئەفسەران و فەرماندەی لیواکانی فیرقەی ۹ی پیادە پێشوازی لێکرا.

لەدیدارێکدا، سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فەرماندە و ئەفسەران و فەرماندەی لیواکانی سەر بەفیرقەی نۆی پیادە کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە داهاتوودا ئەرک و کارەکانیان بەباشی بەڕێوەبەرن و سەرکەوتوو بن لەو بەرپرسیاریەتیەی پێیان سپێردرا و بۆ ئەمەش پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپات کردنەوە، هەروەها سەرۆکی ئەرکان دوای بینینی بارودۆخی فیرقەی نۆی پیادە، بڕیاریدا بە خێرایی هەندێ لە پێداویستیە سەرەتاییەکان دابین بکەن تا ئەو کاتەی بە یەکجارەکی دەست بەکار دەبن.

شایانی باسە، فیرقەی نۆی پیادە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەچێتە ناو پرۆسەی مەشقکردنی هاوبەش لەگەڵ تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانانەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و هاوکاری سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار