ئەمساڵ 5 پارکی گەورە كه تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێت تەواو دەكرێن

ھەولێر-KDP.info- لە هەولێر دەست بە درووستكردنی پێنج پاڕكی گەورەی نوێ كراوە كە تێیدا زیاتر لە 40 هەزار داری جیاوازی تێدا دەچینرێت.
پارێزگای هەولێر لەبارەی درووستكردنی پاڕكەكان رایگەیاندووە، "لەپێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و زیاتر پاراستنی ژینگەی شار، لە ناوەندی شاری ھەولێر لەسەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی، دەستکراوە بە دروستکردنی 5 پارکی گەورە، کە تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێت".
ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەمساڵ هەر پێنج پاڕکە نوێیەكە تەواو دەکرێت كە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
1- درووستکردنی پاڕکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەوی و نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، ئێستا نزیکەی لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
2- درووستکردنی پارکی ڕەشکین لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەوی و 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، ئێستا لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
3- درووستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لەسەر ڕووبەری 4 دۆنم زەوی و 6 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، ئێستا لە 80%ی کارەکانی تەواو بووە.
4- دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری 7 دۆنم زەوی و 5 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، ئەویش ئێستا لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
5- پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری کە ڕووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تیایدا بەردەوامە.
بەشێوەیەكی گشتی لە شاری ھەولێر ئێستا 26 پارکی گەورە و 204 باخچەی بچووک و 209 دارستان و 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورە هەن.




