كاكەمین نەجاڕ: لەسەر وڵات، لەسەر خاك، ناكرێت لەیەك جیاواز بین

كاكەمین نەجاڕ: بێگومان حزبێكی دیموكرات و ماركسی و ئیسلامی ئایدیای جیاوازیان هەیە، بەڵام لەسەر وڵات، لەسەر خاك، ناكرێت لەیەك جیاواز بین
❊ ئێوە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لای خۆتان چۆن شیدەكەنەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە بڕوای ئێوە چییە؟
كاكەمین نەجاڕ: بەرژەوەندیی نەتەوەیی بابەتێكی زۆر فرەوان و قووڵە، شیكردنەوە و لێكدانەوەی زۆری دەوێت، بەڵام دەكرێت هێڵە گشتییەكانی لە حاڵەتێكی ئەوهادا بەو شێوەیە دیاربكرێت، بێشك هەریەك لەو حزبانەی لە كوردستان كاردەكەن، بەرژەوەندییەكی حزبیان هەیە كە تایبەت بە حزبی خۆیانە و ئامانجی ئەحزابی سیاسی گەیشتنە بە دەسەڵات، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە كە گەیشتییە دەسەڵات چی دەكەیت كە ئەوە زۆر گرنگە. لە دەسەڵات دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانی بپارێزیت، چونكە پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەركی هەر تاكێكی كوردە، هەڵبەت هەموومان بڕیاردەر نین و هەندێ دەزگا هەن كە تایبەتن وەك پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەت كە هەر یەكەو دەسەڵاتی خۆی هەیە، بەڵام مەرجە هەموومان بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی كاربكەن.
❊ هەندێ ئاڵۆزی هەیە لە شیكردنەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، واتە خەڵك بۆچوونی خۆی لە بەرژەوەندییەكاندا جیاواز لەوەی حكوومەت دەبینێت، ئێوە ئەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
كاكەمین نەجاڕ: بە داخەوە هەندێ بە ئەنقەست دەیانەوێت ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییە ئاڵۆز بكەن و ناتێگەیشتنێك هەیە لەسەر ئەو باسە، بۆ وێنە ساڵی رابردوو جەنابی سەرۆك رایگەیاند عێراق بەرەو تاكڕەوی دەڕوات و داخوازییەكانی كورد پێشێل دەكرێت، ئەو داخوازییانەی كورد بەرژەوەندیی نەتەوەیین وەك ماددەی 140 كەركووك، ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و كێشەی پێشمەرگە و نەوت و غاز، كە ئەمانە هەموو بەرژەوەندیی نەتەوەیین و رەهەندی نیشتمانییان هەیە. بەداخەوە هەندێ كەس دەستیان بە پڕوپاگەندە كرد كە ئەوە كێشەی شەخسییە لەگەڵ مالیكی، بەڵام كە ئەمساڵ بابەتەكان بە پراكتیك هاتنە ناو مەیدانی كردەوە، كەسیان ئەو بابەتەیان نەورووژاندەوە و هەموو گەیشتنە ئەو باوەڕەو تەئیدی جەنابی سەرۆكیان كرد. هەندێجار ناتێگەیشتن هەیە و هەندێجار خەڵك خۆی دەیەوێت ئاڵۆزی بكات و لەخەڵكیتر بشێوێنێت، بە رای من دەستێك لە پشت ئەو ئاڵۆزییە هەیە.
❊ ئایا دەكرێت بەرژەوەندیی نەتەوەیی بگەیەنرێتە ئاستێك كە قوربانی سیاسەتی حزبێك بكرێت؟
كاكەمین نەجاڕ: ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان گەر رەچاوی بەرژەوەندیی كوردمان نەكردبا و وازمان لە هەندێ بابەت هێنابا، لەوانەیە كێشەمان لەگەڵ بەغداش نەبوایە. لەساڵی 1974 گەر پارتی وازی لە نیوەی كەركووك بهێنابا شەڕ لەگەڵ حكوومەتی مەركەزی دروست نەدەبوو، بەڵام كە شەڕ دروستبوو، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو، بارزانی تووشی نەخۆشی هات و گیانی خۆی لەسەردانا. مێژووی پارتی سەلماندوویەتی كە قەت ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییانەی نەكردۆتە قوربانی، تەنانەت ئەگەر ئێمە مەبەستمان بوایە دۆستایەتی مالیكی بكەین بەرژەوەندیی حزبیمان ئیستیفادە دەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی نەمانویست بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەقوربانی بەرژەوەندیی حزبی بكەین بۆیە ئەو دۆستایەتییەمان رەتكردەوە و تووشی كێشەگەلێك هاتین كە هەموو كێشەی نەتەوەیین و ناكرێت چاوپۆشیان لێبكرێت. بۆ وێنە ناكرێت لەسەر ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە كە جارێكیتر بۆ تەعریبی كوردستان دانراوە بێدەنگ بین، ماددەی 140 و خەتی 36 كە بەهیوابوون هێزی عێراق بێتەوە و بیگرێتەوە ئەمانە بەڕاستی ناكرێت بەرامبەری بێدەنگ بین و ئەوانە هەمووی بەرژەوەندیی نەتەوەیین و ئەوە دەگەیەنێت كە قەت ئێمە بەرژەوەندیی نەتەوەییمان بە قوربانی سیاسەت نەكردووە.
- هەندێ هاووڵاتی وابیردەكەنەوە پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە ئەركی حكوومەتە، واتە خۆ لەو ئەركە دەدزنەوە، چۆن ئێمە ئەو تێكەڵاوییە دروست بكەین كە هاووڵاتی خۆی جیا لە حكوومەت نەزانێت؟
كاكەمین نەجاڕ: لە راستیدا ئەوە ئەركێكی دوولایەنەیە، بەڵام حكوومەت دەزگای تەنفیزییە، بۆ وێنە لە كاتی هێنانی هێزی دیجلە هاووڵاتی ناتوانێت بڕیار بدات كە بچێتە جەبهە و ئەوە لە ئەستۆی حكوومەتە، سەرۆكی حكوومەت هێزی ناردە جەبهە، بەڵام رۆژانە بە هەزاران هاووڵاتی سەردانی پێشمەرگەیان دەكرد و بە بردنی گوڵ و نان هانیان دەدان و تەنانەت دەشیانگوت ئەگەر ببێتە شەڕ ئێمەش دێین لەگەڵتان شەڕدەكەین و ئەگەر پێویستە لێرە دەمێنینەوە. هونەرمەندان وەك شوان پەروەر كە دەچوو و. تد. ئەوەیە ئەركی هەردوولامان، واتە ئامانج یەكە و رێگەكان زۆرن و لەكاتی تەنگانەدا سەلماندیان كە هەم هاووڵاتی و هەمیش حكوومەت بە ئەركی خۆیان هەڵساون.
- بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێویستە تا كوێ بڕۆین. مەبەست ئەوەیە هەندێ سیاسەت و بڕیار و هەڵوێست دروست بێت كە ئیزن نەدات لەو پێشتر بچین، یان بێ وەستانە؟
كاكەمین نەجاڕ: سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت واتە هەر سێ دەسەڵاتەكان دەبێت لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی هێڵی سووریان هەبێت. وەك كەركووك، پێشمەرگە، ماددەی 140 كە تەنازولیان لێناكەین. هەندێ شت هەیە ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت. دانوستان بە مانای دان و ستانە و دەبێت هەندێ شت بدەیت و هەندێ وەربگریت، بەڵام لەسەر هێڵە سوورەكان ناكرێت تەنازول بكرێت و تائێستاش نەكراوە و پێویستە میللەت لەوە تێبگات. ئەگەر هەندێجار لایەنێكیش لەگەڵمان نەبێت ئێمە هەر لەسەر هەڵوێستی خۆمان وەستاوین و پێداگربووین.
- ئایا بەرژەوەندیی نەتەوەیی خاڵێكی كۆك نییە كە بتوانێت ئەو فرەحزبییە لە یەك خاڵ كۆبكاتەوە؟
كاكەمین نەجاڕ: ئێستا بەرژەوەندیی نەتەوەیی كورد لەوەدایە كە هەموو ئەحزابەكانی كورد بە هەموو ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانەوە لە عەلمانی و دینی و دیموكراتی و هەر ئایدیایەك بەرژەوەندی كورد لەبەرچاو بگرن و بخرێتە ناو بازنەیەك كە ئەوە بەرژەوەندیی میللەتی كوردە و دەستی لێنادرێت، ئەویتر كێبڕكێ لەسەر دەسەڵات بێت، واتە من دەمەوێت دەنگی زیاتر بەدەستبهێنم تا بگەمە دەسەڵات. ئەوە زۆر ئاساییە و وەك پارتی بڕوامان بەو فرە حزبی و هەڵبژاردن و دیموكراتییە هەیە و بڕوامان بە تاكە حزب نییە وەك ئەوەی سەددام حوسێن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو ململانێیە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی كورد نەبێت یان لەسەر ئەساسی لەدەستدانی خاكی كوردستان نەبێت، واتە بەرژەوەندییەكان بۆ چەند دەنگێكی زیاتر نەخەینە ژێر پێمان. ئەگەر بێت و لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەیی رێكبكەوی بۆ لاوازكردنی كوردستان لە بەرژەوەندی حزبەكەت ئەوە خەتی سوورە، یان ئەجندای دەوڵەتێكی بیانی بهێنیت و كوردستانی پێ لاواز بكەیت، یان رێزەكانی كورد تێكبدەیت ئەوە ناكرێت. ئێمە دەبێت لە بەغدا هەموومان یەك بین، گرنگ نییە من حزبێكی جیاوازم، بێشك حزبێكی دیموكرات و ماركسی و ئیسلامی ئایدیای جیاوازیان هەیە، بەڵام لەسەر وڵات، لەسەر خاك ناكرێت لەیەك جیاواز بین.
- بۆ پاراستن و دروستكردنی وڵات هیچ شتێك هەیە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی گرنگتر بێت؟
كاكەمین نەجاڕ: ئاشكرایە دەبێت ئێمە هەوڵ بدەین كوردستان بەرەوپێش بەرین. وەستان نییە، كە راوەستای دەكەویتە خوارەوە. دوێنێ داوای حوكمی زاتیمان دەكرد، دواتر بینیمان فیدراڵی ئاواتەكان دەهێنێتەدی، ئێستا دەبێت داوای شتی تر بكەین و بەرەو دەوڵەت هەنگاو بنێین، ئەوەش بێشك كاری دەوێت و باجیشی دەوێت و هەندێجار دەبێت زەرەریش بكەین. بۆ نموونە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی دەبێت ئابوورییەكی كوردی دروست بكەین، لەشكرێكی یەكپارچەمان هەبێت، لەشكرێكی مەبدەئی و لەشكری كوردستان نەك لەشكری فلانە حزب و فلانە حزب. دووەم، دەبێت هەموو حزبەكان ناوماڵی خۆیان رێكبخەن و لەسەر ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییانە كۆك بن. سێیەم، رێكخستنی پەیوەندییەكانە لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ ئەوەی گەر لە داهاتوو لە عێراق جیابووینەوە خەتی ئابووری و هاتوچۆ و. هتد،مان پێویستە، واتە پێویستمان بەو جووڵە دیپلۆماسییە هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و رێكخستنی خۆت و رێكخستنی ئابووری و هێز كە ئەمانە هەمووی هەنگاوی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیین كە دەبێت ئەنجام بدرێت. رەنگە پێویست بێت هەندێك لە بودجە بۆ رۆژی پێویست وەلابنرێت و ئەوە بەرژەوەندیی گشتییە و نابێت رای دژ بیكاتە فەوزا، بۆ وێنە عێراق تووشی قەیرانێكی سیاسی یان شەڕێكی تایفی بێت و ئەو بودجەیەی لە عێراق دێت تووشی قەیران بێت، چونكە ئێستا شتێك لە عێراق بە ناوی حكوومەت بوونی نییە. نەوت دەدزرێت، یاسا پێشێل دەكرێت و پێشبینی خراپتریشی لێدەكرێت، بۆیە پێویستە ئێمە بیرێك بۆ ئەو رۆژانە بكەینەوە وەك ئەوەی لە 1992 كە حكوومەتمان دروستكرد و حكوومەتی بەعس دینارێكی بۆمان نەدەنارد و لە گومركی ئیبراهیم خەلیل و زەریبەی ناوخۆ خۆمان بەڕێوەدەبرد. گەر رۆژێك ئێمە ببین بە دەوڵەت و كیان و سنووری خۆمان هەبێت ئەو كات هەندێ لەو مەترسییانەمان لێدەڕەوێتەوە و ئەوكات گەر ململانێ بكەین و كێشەش هەبێت هەر دەوڵەتین، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش گەر لە دەست بچێت بە ئاسانی نایەتەوە و پێویستە بیپارێزین و خیانەتە پاش ئەو هەمووە شەهیدە و ماڵوێرانی و ئاوارەییە، ئێستا بچین و لەبەر بەرژەوەندی و ململانێی سیاسی خۆمان تێكی بدەین.
- ئایا وەك حزبەكان، چەند خاڵێكتان هەیە جیا لە ئایدیای حزب و بەرژەوەندیی حزبی وەك هێڵی سوور بن بە ناوی خاڵی بەرژەوەندیی نەتەوەیی؟
كاكەمین نەجاڕ: لەبەر چاوی راگەیاندن هەر حزبێك خۆی لەوەیتر پێ دڵسۆزترە، بەڵام لە كاتی ئاڵۆزییەكان كاردانەوەیان چۆنە ئەوە شتێكی ترە، ئەوەیە كە دەبێت وەك هێڵی سوور دیاربكرێن. بۆ وێنە لە بابەتی ناردنی پێشمەرگەكان بۆ جەبهە خەڵك واتێگەیەنرابوون ئەوە پێشمەرگەی حزبن، خۆ پێشمەرگە نەچووە دیفاع لە پارتی بكات بەڵكو بۆ پاراستنی كوردستان و گەلی كورد چووبوون و ئەوانە پێشمەرگەی بەر لە راپەڕینن و ئەمڕۆ هەمان پێشمەرگەیە و بێ جیاوازی دیفاع لە هەموو گەلی كورد دەكات نەك پارتی. ئەوەی دوێنی بە ویستی خۆی هاتووەتە شاخ و بۆتە پێشمەرگە ئەمڕۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە كە وەزارەتێكە سەر بە حكوومەتی كوردستان و لە مووچە و تەوجیە و تەرفیع لای حكوومەتە، كە دێتە سەر سندووقی دەنگدانیش ئەوە مافی خۆیەتی بڕوای بە هەر حزب و لایەنێك هەبێت دەنگی پێبدات.




