٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی بەھێزی پێگەی ھەرێمی کورستان له‌ ڕێگه‌ی KDPیه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کورستان دەڵێت، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری زیاتر پێشبخرێت و گرینگی زیاتری پێبدرێت و ئێستا ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، ئەمەش وای کردووە بەردەوام شاندی وڵاتان بێنە ھەرێمی کوردستان و لەم ھەفتەیە لەیەک ڕۆژدا سێ شاندی بیانی لە ھەرێمی کوردستان بوون و شاندێکی دیکەی وڵاتی ئیماراتیش گەیشتە ھەرێمی کوردستان.  

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کورستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "یەکێک لە ئەرکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ھەوڵبدات کوردستان بەڕووی دەرەوە بکاتەوە و ھەمیش کوردستان بگاتە دونیای دەرەوە، تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ئەرکەش بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سپێردراوە، بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ نێردە دیبلۆماسیەکان لە ھەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی نوێنەرایەتی ئێمەش لە دەرەوە و سەردانی ئەم دوایەی سەرۆکی حکوومەت بۆ کۆربەندی ئابووری داڤۆس، ھەروەھا کۆربەندی ئاسایشی میونخ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداربوو لەھەردوو کۆربەند ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیر و سەرۆکوەزیران و سەرۆک وڵاتان بەشداربوون دیداریان لەگەڵ ئەنجامدرا.

دزەیی باس لەوەش دەکات، ڕاستە ھەرێم بەشێکە لە عێراق و سیستەمی فیدراڵی پەیرەو دەکرێت، بەڵام پێگەی ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و وزە گرینگی تایبەتی خۆی ھەیە و یەکێک لەو لایەنانەی ئێمەش شانازی پێوە دەکەین و دۆستانیش پشتیوانی لێدەکەن ئەویش پێکەوەژیان و ئارامیە بۆ ھەموو پێکھاتەکان کە لە ھەرێم دەژین و ئەوانەی لە عێراق و سووریاش ھاتوون لە ھەرێمی کوردستان بە ئارامی دەژین ئەمانە ھەمووی پێگەی ھەرێمی کوردستانی بەھێز کردووە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی، "ھاتنی شاندەکانیش لەسەر ئاستی حکوومەت و وەزیر و پەرلەمانتار و شاندی ئابووری بەردەوامە و لەم ھەفتەیە لەیەک ڕۆژدا سێ بۆنەی ئابووری ھەبوو شاندێکی تایلەندی ھاتبوون بۆ ھەرێم لە بواری ئابووری و گرێبەست و کاری بازرگانی کۆربەندیان ھەبوو و ژمارەیەک کارسازی ھۆڵەندیش ھاتنە ھەرێم و لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی و بازرگانانی ھەرێم پەیوەندیان دروست کرد و لەھەمان ڕۆژدا شاندێکی گەورەی بازرگانی ئەمەریکا لە ھەرێم بوون و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان نەک تەنھا لە شەڕی داعش و ئەمن و ئاسایش لەڕووی ئابووریش دەرگای کراوەیە.

سەبارەت بە ھاتنی  شاندێکی باڵای ئیمارات، سەفین دزەیی دەڵێ، شاندێکی باڵا لە ئیمارات گەیشتە ھەرێمی کوردستان و ڕاسپێردراون لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیوەندی ئابووری  دروست بکەن و ئێستا لە گفتووگۆی بەردەوام دان، ئەمەش سەرەڕای ئالەنگاری و بەربەستەکانی دێنە پێشەوە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بەرەوپێشەوە دەچێت و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردسانیش ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری زیاتر پێشبخرێت و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار