٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکھاتەکان بۆ KDP: شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول شۆڕشی ھەموو پێکھاتەکان و کوردستانییانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- پێکھاتەکانی کوردستان، په‌یوه‌ست به‌ شه‌ست و چوار ساڵه‌ی هه‌ڵگیریسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول له‌ باشووری كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا بارزانی نه‌مر، شانازی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکەن و دەڵێن، بە درێژایی مێژوو  ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەموو پێکھاتەکان بووە بەبێ جیاوازی، پێویستە لەسەر ھەموو پێکھاتەکان دەسکەوتەکان بپارێزین و خەباتیش بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی کورد بگاتە ئامانجی خۆی.

ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و کەسایەتیی دیاری پێکھاتەی تورکمان، په‌یوه‌ست به‌ ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، پێکھاتەکانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە ھەموو شۆڕشەکانی کورد بەشدارییان کردووە و ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە، لە شۆڕشی ئەیلوولیش بەشدارییان کردووە و ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە و سەرکردایەتیی کورد و بارزانیی نەمر، گرنگیی زۆریان بە پێکھاتەکان دەدا، ئەوانیش بەشدارییەکی کارایان ھەبوو و لە ھەموو شۆڕشەکان لە دەسکەوت و زیانەکان بەشدار بوون، چونکە لە ھەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ھیچ پێکھاتە و نەتەوە و ئایینێک نەکراوە، کوردستان تاوەکو گەیشتووەتە ئەم قۆناغە پێکھاتەکان لە خەبات بەشدار بوونە، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە شوێنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکھاتەکان بووە بەبێ جیاوازی، بۆیە ئێستا ھەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ناوچەکەدا ھەیە، ئەمەش جێگەی ڕێز و شانازییە بۆ ھەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعرووف دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان دەکات، بۆیە ئەمە بووەتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ ئەوەی کورد ھەمیشە بەرامبەر ھەموو کێشەکان خۆڕاگر بێت، ھەر بۆیە پێکھاتەکان لە شۆڕشەکان و لە خەباتی مەدەنی و سیاسیدا بەشدارییان پێ کراوە. 

لای خۆیشیەوە، وەحیدە یاقۆ ھورمز، کەسایەتیی دیاری مەسیحی لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول ھی ھەموو میللەتی کوردە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، ھەموو پێکھاتەکانیش بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە، کە شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو لە زاخۆ تا خانەقین، پێکھاتەکانیش شەھیدیان ھەبووە، ئەو شۆڕشە بۆ ئێمەی پێکھاتەکان گرینگ بوو، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و پڕ دەستکەوت شۆڕشەکە تۆمار کرا، بۆیە ئەمە شۆڕشی ھەموو پێکھاتەکان و کوردستانییانە، بارزانیی نەمریش گرنگیی زۆری بە پێکھاتەکان دەدا، بۆیە ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیان بووە، چونکە ئەو کاتەی ڕژێمەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان بوون، مەسیحییەکان ڕۆیشتن بۆ ناو پێشمەرگە و پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە کرد و بەشدارییان لە شۆڕشەکانی کوردستان کرد، بەتایبەت لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چونکە فەرمانبەرمان ھەبوو، لە سوپا خەڵکمان ھەبوو ڕۆیشتن بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا.

وەحیدە ئاماژە دەدات، ئێمە ھەمیشە شانازی بە شەھیدان و پێشمەرگە و شۆڕشەکانەوە دەکەین، چونکە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوولن، پێویستە ھەمووان پێکەوە پارێزگارییان لێ بکەین و خەبات بۆ بەدەستھێنانی دەستکەوتەکانی دیکە بکەین تا کورد دەگاتە ئاواتی خۆی.

مونا قەھوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش، په‌یوه‌ست به‌ شه‌ست و چوار ساڵه‌ی هه‌ڵگیریسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا بارزانی نه‌مر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، لە ١١/٩/١٩٦١ بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕش لە مێژووی گەلی کورد ھەڵگیرسا، کە وەرچەخانێکی نوێ بوو لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و بوو بە شۆڕشی گەڕانەوەی ھیوا، ئیرادە، متمانە و بەھێزبوونی خەڵکی کوردستان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، یەکەم شۆڕش بوو ئەوکات توانی ڕژێمی عێراق ناچار بکات لەجیاتی شەڕ بیر لە دانوستان و گفتوگۆ بکاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمڕۆ ئەو دەستکەوتەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە لە سایەی ئەو شۆڕشەیە، شۆڕشی ئەیلوول ھەوڵی دا خۆشگوزەرانی، سەقامگیری، بەختەوەری، ئازادی و ئارامی بگوازێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێستاش وەکو ئەو ڕۆژەی شۆڕش ھەڵگیرسا پێویستمان بە فەلسەفە و ئەزموونێکە وەکو قوتابخانەیەک بۆ بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەریی کوردستان لەپێناو خەڵکی کوردستان، بۆیە سڵاو لەو یادە مەزنە و گیانی پاکی شەھیدان، لە سەرووی ھەمووان بارزانیی نەمر.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار