سەربەست لەزگین: بارزانی نەمر لەگەڵ ئەوەبوو کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن

دھۆک -KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک خێوەتگەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ھەزار گەنج بەناوی خێوەتگەی پێگەیاندن و ڕۆشنبیری کرایەوە، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە وتەیەکیشدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک دەڵێت، دوای ئەوەی گفتوگۆ گەیشتە بن بەست لەگەڵ حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم ئەوکات شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دەستیپێکرد، دەنا بارزانی نەمر لەگەڵ ئەوەبوو کێشەکان لەگەڵ عێراق بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن نەک بە شەڕ.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٦٤ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن گوتی، "خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد زنجیرەیەکە لێک جیانابێتەوە، ماوەیەکی زۆر پێشتر لە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکردوە و بەردەوامە، قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن زۆر گرنگە و شانازی بەو مێژووەی خۆمان دەکەین، ھیچ کەسێک ناتوانێت باسی ئەو مێژووە بکات گەر باسی دەستکەوت و قوربانیدان و خۆڕاگری ئەو شۆڕشە نەکات، کەس ناتوانێ خۆ لابدات لە سوربوونیان لەسەر بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد، بۆیە ساڵی ١٩٥٨ وێستگەیەکی زۆر گرنگە، کە شۆڕشی ١٤ی تەمموز دروست بوو، کۆتایی بە حوکمی مەلەکی ھات و حوکمی کۆماری لە عێراق بەڕابەرایەتی عەبدولکەریم قاسم دەستیپێکرد، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورە و گۆڕانکارییەکی گەورەی لەسەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەش دروست کرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕووداوێکی گەورە بوو."
سەربەست لەزگین گوتیشی، "ئەوکات بارزانی نەمر و ٥٠٠ پێشمەرگەی قارەمان لە یەکێتی سۆڤیەت بوون، کاتێک ئەو گۆڕانکارییە ڕوویدا، بارزانی نەمر لەیەکێتی سۆڤیەتەوە بروسکەیەکی پیرۆزبایی بۆ عەبدولکەریم قاسم نارد بۆ ئەو شۆڕشە سەرکەوتووەی لە عێراق بەرپای کرد، ئەویش داوای گەڕانەوەی بارزانی نەمری بۆ عێراق کرد، بارزانی نەمریش ھەر زوو لەڕێگەی ڕۆمانیا چووە میسر، جەمال عەبدولناسر لە میسر پێشوازییەکی گەرمی لە بارزانی نەمر کرد و ڕێزێکی زۆری لێ نا، دواتر گەڕایەوە بەغدا، لەوێش میللەتی عێراق بە کورد و عەرەبەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرد، بارزانی لە بەغدا مایەوە، چەندین شاندی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان چوونە بەغدا بۆ دیتنی بارزانی نەمر، بەداخەوە زۆری پێنەچوو لە ساڵی ١٩٥٩ دەست بە ھەندێک کێشە کرا، لەنێوان حکوومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاستە ھەندێک بڕیاری باش دران، وەک ئازادکردنی حزب و ئازادکردنی ڕۆژنامە و شێخ ئەحمەد بارزانی لە زیندان ئازاد کرا کە ١٢ ساڵ بوو لە زیندان بوو، ئەمانە کاریگەرییان ھەبوو بۆ لێک نزیکبوونەوە، پارتی بە ئازادی ڕێکخستنەکانی بڵاو دەکردەوە، ھەزاران خەڵک لە پارتی و بارزانی کۆبوونەوە، بەڵام کێشەکان گەورە بوون، ئەوانەی چوار دەوری عەبدولکەریم قاسم، باسیان لەوە کرد کە بارزانی نەمر داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکات، ئەمە وایکرد دوورکەوتنەوە دروست بێت."
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی باسی لەوەکرد، "بارزانی نەمر زۆر ھەوڵیدا لێک نزیک ببنەوە، لە ساڵی ١٩٥٩ جارێکی دیکە بارزانی سەردانی میسری کرد و جەمال عەبدولناسر وەکو سەرۆک پێشوازی لە بارزانی نەمر کرد، زۆر ڕێزی لێگرت و لە ڕاگەیاندنیش ڕەنگدانەوەی زۆری ھەبوو، کاتێک گەڕایەوە ویستی عەبدولکەریم قاسم ببینێت، ١٠ ڕۆژ چاوەڕێی کرد، ئەویش ڕازی نەبوو، ناچار گەڕایەوە بۆ بارزان، پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکی دوورو درێژی بۆ عەبدولکەریم قاسم نووسی و داوای کرد چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە ھەنە و نەبێتە ھۆی ئەوەی کێشەی دیکە لە عێراق و کوردستان دروست بێت، بەڵکو بگەنە خاڵی ھاوبەش و مافی کورد پارێزراو بێت، عێراقی نوێ کە دەستی پێکرد، بەداخەوە ھیچ ئەنجامی نەبوو، لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٠ ھەندێک بڕیار دران، وەکو داخستنی بارەگا و ڕۆژنامە و چالاکی حزبی و زۆر کاری دیکە، ویستیان بە چەک وەڵامی ھەرێم بدەنەوە و دۆخەکە خراپ بوو، لە ساڵی ١٩٦١ لە نۆی ئەم مانگە لە زاخۆ ڕاپەڕین کرا و لە دەستی ڕژێمی ئەوکات ڕزگارکرا، ھیچ ھێزی عێراقی تێدا نەما و کەوتە دەست پێشمەرگە و پارتی، پێشتریش چەندین ھێرش کرایە سەر گەرمیان و خانەقین و قەرەداغ و دۆخەکە سەخت بوو، بۆیە لە ١١ی ئەیلوول بۆردومانکردنی سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، ویستیان بە ئاگر و ئاسن ھەرێمی کوردستان لەناو ببەن، زۆر چاویان لەسەر بارزان بوو، ھەر بۆیە شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد."
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش یادی ٦٤ ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕاگیرا، لەوانە ڕێکخستنی سمینارێک بۆ عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، تێیدا گوتی، "ئەگەر وڵاتانی ھەرێمی نەبوونایە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ نەدەبوو و سەرکەوتوو دەبوو، بەڵام دوژمن وای بیردەکردەوە و سەرۆک کۆماری عێراق وای دەزانی شۆڕش کۆتایی پێھات و جارێکی دیکە ناتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام بەردەوام بوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەو میللەتە ھەر زیندووە و نامرێت، ئێستاش دەڵێین پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیندرێت، ئەمڕۆ ئەو یادە دەکەینەو، نا بەوانە بڵێین کە لەو شۆڕشە بەشداربوون، ئەگەر ئەوان نەبوونایە شۆڕش نەدەبوو، بۆیە سمیناری بەردەوام دەکرێت بۆ ئەوەی گەنجانی ئێمەش ئاشنای زیاتری شۆڕشەکان و خەباتی گەلی کورد بن."
بڵند ئیبراھیم




