٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەها بەرزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئیلهامبەخشی کارکردنمان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، په‌یامێكی بەبۆنەی(٦٤)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێ، یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی:

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەسەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو كە بناغەیەكی پتەوی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری دانا.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەموو چین و توێژەكان لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ یەك ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەباتیان كرد و مێژوو و سەروەرییان تۆمار كرد. ئەو دەستكەوت و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم و درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. 

یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمان دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان.

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە و هیوای تەمەن درێژی بۆ ڕابەر و سەرۆکی هێژامان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەخوازین و دڵنیاین گەلەکەمان لە ژێر سایە و ڕێبەرایەتی جەنابیان بە ئاواتەکانی خۆی دەگات.

 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

 

ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی

هەواڵی پەیوەندیدار