بەرپرسی لقی ٢٦ بۆ KDP: سبهی له باڵەکایەتی یادی ٦٤ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول بەرز ڕادەگرین

چۆمان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان دەڵێ، بەبۆنەی ٦٤ ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە چۆمان مەراسیمێک بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، باڵەکایەتی دایکی شۆڕشە و خەڵکی ئەو دەڤەرە ڕۆڵی کاریگەریان لە داکۆکیکردن لە شۆڕش هەبووە.
پهیوهست به یادكردنهوهی (٦٤)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕۆژی ١١ی ئەیلوول یادێکە لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە لەو ڕۆژەدا و لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ گەورەترین شۆڕشی کورد لەسەر دەستی بارزانیی نەمر ھەڵگیرسا، ئێمە وەک پارتی بە شانازییەوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرین و زیندوو دەکەینەوە، ھەروەھا ڕۆژی پێنجشەممە کە ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە چۆمان مەراسیمێک بەڕێوە دەچێت و یادەکەی ئێمەش پەیوەستە بە ڕێزگرتنی ژمارەیەک پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ھەڵگرانی مەدالیای بارزانی.
بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان دەشڵێت، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان لە دەرئەنجامی خوێن و خەبات و تێکۆشانی میللەتی ئێمە بووە و نابێت لە بیری بکەین، نابێت ئەوەش لەیاد بکەین دەڤەری باڵەکایەتی ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و خەڵکێکی شۆڕشێگڕ لەو دەڤەرە ھەبووە و ھۆکار بوونە بۆ ھەڵگیرساندنی شۆڕش، بە ڕووحێکی نیشتیمانپەروەرانە خەڵکی ئەو دەڤەرە داکۆکییان لە شۆڕش کردووە و دەڤەری باڵەکایەتی بە دایکی شۆڕش ناوزەد دەکرێت.
شوان محەممەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کاتێک قسە لەسەر خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پێکەوەژیان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شۆڕشەکان دەکرێت، ناکرێ باس لە ڕۆڵی بارزانیی نەمر نەکەین، چونکە بارزانیی نەمر دامەزرێنەر و ئەندازیاری شۆڕش بووە.
ناوبراو هەروەها جەختیش دەکاتەوە، وەک ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری باڵەکایەتی و لقی ٢٦ی گوڵان، شانازی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکەین کە ئێستا میراتگری ئەو شۆڕشەیە و ھەڵگری بەیداخ و ئاڵای ئەو شۆڕشەیە، کە حیکمەت و ھەبوونی سەرۆک بارزانی لای ئێمە دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات.
قائید میرۆ




