٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیاندرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سه‌ره‌خۆشی ئاراستەی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكار و هاوڕێیانى خوالێخۆشبوو سەعد خالید، وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کرد، کە ئەمڕۆ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بڕگەی یەکەم، گفتوگۆکردن بوو لەسەر دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە، کە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەکارییەکان خرانەڕوو.

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدڕاڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیاری حکوومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بەگوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێ حکوومەتی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانینى یاسایی حکوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبوڵ بکات.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەندیی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەندیی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگریی نیشتیمانی کە بەرپرسیاریەتیی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.

لە بڕگەی سێیەمدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان سەبارەت بە ئاسانکاریی پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) خستەڕوو، کە لە ساڵانی پێشتر، لەلایەن بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە هاووڵاتییان دراوە.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئاسانکاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15٪ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تاوەکوو 2025/12/31 بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکات.

هەواڵی پەیوەندیدار