حکوومەتی ھەرێم بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار لە شێخان پڕۆژەی ئەنجام داوە

شێخان -KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان گوتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە شێخان داوە و بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار ١٦٣ پڕۆژەی ئەنجام داوە، کە بەشێکیان پڕۆژەی ستراتیژین."
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای شێخان بەردەوامە، بەمەش گۆڕانکاری گەورە لە شێخان دروست بووە، یەکێک لەوانە پڕۆژەی دووسایدی شێخان بۆ لالشە، باشترین پڕۆژەیە و ھیچ حکوومەتێک نەیتوانی ئەو پڕۆژە جێبەجێ بکات، ئەو کابینەیە کردی.
بەگشتی لە کڵبینەی نۆ، بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦٠ملیار دینار پڕۆژە لە شێخان جێبەجێ کراون، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش بەردەوامە، لەوانە ڕێگای باعەدرێ بۆ دھۆک ٧٠%ی جێ بەجێکراوە و چەندین ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی تێدایە، ڕێگای نەھدار بۆ زاڵگەی باعەدرێ، ئەویش بە گوژمەی ١٠ملیار دینار نوژەن دەکرێتەوە و قیڕتاو دەکرێت، زۆر پڕۆژەی دیکەی وەکو بەنداوی خنس و قیڕتاوکردنی ڕێگای ناوخۆیی لە شێخان و ناحیەکان و دروستکردنی یاریگای وەرزشی، بنکەی تەندروستی، ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاو و تۆڕی کارەبا بەردەوامن."
سەردار شێخ یەحیا گوتیشی "بەگشتی ١٦٣ پڕۆژە لە کابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە شێخان جێبەجێ کراون، بەشێکیشیان ئێستا جێبەجێ دەکرێن، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت و ھەموو لایەنە هاوکارەکان دەکەین، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری شێخانی کردووە، سەرەڕای ئەوەی شێخان بەشێکی سەر بە موسڵە.ئێستا شێخان بەھۆی خزمەتکردنەوە بەردەوام لە فراوانبووندایە."
بڵند ئیبراھیم




