لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریکا کرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/٩/٩ فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د.نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێشوازییان لە شاندێکی ھاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و کۆمپانیا فرەجۆرەکانی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ستیڤ لوتس، بەڕێوبەری کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، کرد.
لە دیدارێکی فراواندا کە وێڕای نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، کایە و دەرفەتەکانی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی کار و ھاریکاریی ھاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەنێوان ھەردوولادا، خرانە بەر باس، تیایدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە تێکڕای کایە جیاجیاکاندا، بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی برەودان بە ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کایەکانی وزە، کاری بانکی و تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرددا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی گشتیی ھەرێمی کوردستان بۆ کاری سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنان کرا، لەمبارەیەوە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ژووری بارزگانیی ئەمەریکای لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکاندا کرد و وێڕای نیشاندانی ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەک بۆ سەرخستنی کاری ھاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆمپانیاکانیدا، بەشداریکردنیانی لە پرۆسەی پێشخستنی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان و گەشەپێدانیدا، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
لای خۆیانەوە شاندی ھاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێزانینەوە باسیان لە ھاوکاری و پشتیوانییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری لە سەرخستنی کارەکانیاندا، کرد.





