٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP زانیاری لە بارەی جێبەجێ كردنی سیستمی سەلامەتیی ئاو دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستان سیستمی سەلامەتیی ئاو جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستادا تەواو بووە و کەوتووەتە کار، کە لە ھەر شوێنێک ھەر مەترسییەک ھەبێت، لە ڕێگەی ئەو سیستمەوە دیاری دەکرێت و چارەسەری بۆ دەکرێت. دەشڵێ، ڕۆژانە دەزانین چەند ئاو خەرج دەکرێت و چەند ھاوبەشی ئاویشمان ھەیە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "سیستمێک دانراوە لە ھەرێمی کوردستان، کە پلانی سەلامەتیی ئاوە، ئەویش بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی بەرھەمی ئاو و داتاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان و پشکنینی بایۆلۆجی و ھەموو وردەکارییەکان لەناو سیستمەکە لەبەردەست دەبن، بۆ ئەوەی بزانرێت چی بکرێت و ھەشت مانگە داتا کۆدەکرێتەوە و ساڵێک و نیوە سەرقاڵی دروستکردنی سیستمەکەین.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاری ئەحمەد دەڵێ، "یەکەم هەنگاو داتا کۆدەکرێتەوە و دووەمیش بتوانین ھەست بە ھەر مەترسییەک بکەین لە نزیک و دوور چاودێری بکەین و ئیدارەی ئاو بکەین و بتوانین بڕیاری لێ بدەین لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، بۆیە لە ڕێگەی ئەو سیستمەوە دەتواندرێت بزانین لە وێستگەکانی ئاو بەرھەم چەندە و چەند دەڕوات و چەند بە تەنکەر خەرج دەکرێت و چەند گاز دەڕوات و چەند ھاوبەش ھەیە، هەروەها چەند ئاو زیاد دەبێت و چەند پشکنینی کیمیایی و بایۆلۆجی کراوە و چەند خاوێنە و چەندی پیس بووە و خاوێن کراوەتەوە و چەند پەمپ و ماتۆڕ لەو وێستگانە کار دەکەن و ڕێژەی پاوەری کیمیایی و کلۆر و کلۆری پاودەر و پۆلیمەر لە کۆگاکان و وێستگەکان ڕۆژانە چەندە، کە دواتر دەکرێتە ھەفتانە و مانگانە بۆ ئێمە دێت و ئێستا کاری تێدا دەکرێت و بۆ سەری ساڵی نوێ بە تەواوی سیستمەکە دەکەوێتە کار.

ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد، سیستمی پلانی سەلامەتیی ئاو دامەزراوە بە مەبەستی خێرا وەڵامدانەوەی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە دابینکردنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی شێوازی حکوومەتی ئەلیکترۆنی لە سێکتەری ئاو بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی داتا و ئامار و بە ئەرشیفکردنی بە شێوەیەکی نوێی سەردەمیانە و دروستکردنی بانکی زانیاریی تایبەتی بۆ سێکتەری ئاو و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی سیستمی پلانی سەلامەتیی ئاو، کە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ پاراستن و بەھێزکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی ئاو و دەبێتە بەرچاوڕوونییەکی زیاتر بۆ بەڕێوەبەرانی سێکتەرەکە بۆ بڕیاردانی خێرا لە داھاتوودا.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار