كەمێكی تر بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادە بوونی، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر دەکرێتەوە.
ئەم پێشانگەیە بە یەکێک لە گەورەترین پێشانگەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە دادەنرێت، کە 280 کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی بەشدارن، کۆمپانیا بیانییەکانیش لە 16 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
وڵاتە بەشداربووەکان بریتین لە تورکیا، ئێران، سەڵتەنەتی عەممان، ئیمارات، یۆنان، قەتەر، لوبنان، ئەڵمانیا، سعوودیە، چین، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، کە پڕۆژە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە نمایش دەکەن.
پێشانگەکە بۆ چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 10:00 بەیانی تاوەکوو 6:00 ئێوارە کراوە دەبێت. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن و گرێبەستی هاوبەش، بەمەش دەبێتە پردێک بۆ پەرەپێدانی سێکتەری خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.




