٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری سامانە سروشتییەکان: بەغدا گەرەنتی بداتە کۆمپانیاکان ھەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت، کێشەی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوت چارەسەر کراوە و ھەر کاتی ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکات کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: ڕێککەوتن کراوە کۆمپانیایەکی بەریتانی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوت دیاری بکات و کۆمپانیاکانی نەوتیش داوایانکردووە لە بڕی پارە بەشێک لە نەوت وەک حەقدەست وەربگرن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکراشی کرد: زۆربەی کێشەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت چارەسەر کراوە و کۆمپانیاکان داوای زامنکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن و لە ماوەیەکی کورتدا کێشەی دۆسیەی نەوت بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت.

کەمال محەممەد جەختیشی کردەوە: تورکیا و عێراق لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوت کێشەیان نییە و بەغدا گەرەنتی بداتە کۆمپانیاکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ھەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

هاوکات دەشڵێت: ھەرکاتێک ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکات کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و گەشبینین بە چارەسەرکردنی کێشەی نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا.

هەواڵی پەیوەندیدار