٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار سیوەیلی و کۆنسوڵی هەنگاریا جەختیان لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانیان کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- کۆنسوڵی گشتیی هەنگاریا، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانەوە پێشوازی لێ کرا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە تیڤادار ێرگێى تاکاچ، کۆنسوڵى گشتیى نوێى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان، جێگرى کۆنسوڵى هەنگاریا خاتوو دۆمینیکا کۆڤاچ کرد.

سیوەیلی، پیرۆزبایی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە ماوەی کارکردنی لە کوردستان کردەوە.

هۆشیار سیوەیلی، کورتەیەکی پەیوەندی لەمێژینەی هەرێمى کوردستان و هەنگاریای باس کرد و سوپاسی گەل و حکوومەت و نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتەی کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتییان بۆ هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا.

لە میانەی ئەو دیدارەدا، بارودۆخى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە بۆ شاندی میوان خرایە ڕوو و هاوکات بۆچوونى پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو پرسانە بۆ شاندەکە باس کرا. 

بەرپرسى مەکتەبی پەیوەندییەکانى دەرەوەی پارتی، خۆشحاڵیى خۆى نیشاندا بۆ ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هەنگاریا و هیواى خواست ئەو پەیوەندییانە لە بوارەکانى ئابوورى و بازرگانى و زانکۆیی و کشتوکاڵ زیاتر پەرەیان پێبدرێت و زیاتر بەرەوپێش بچن و جەختی کردەوە، ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی بۆ فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە تەواوی بوارەکاندا. 

کۆنسوڵی گشتیی هەنگاریا، سوپاسی ئەو دیدارەی کرد و دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە ڕێز و پێزانینەوە لە پێشکەوتنەکانى هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خواستی بەرەوپێشبردنی زیاتری هەیە.

بەڕێزیان باسی لە کاری نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد لە بواری خوێندنی باڵا و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵی بەردەوامدان و دڵنییان کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەوپێشەچوونی زیاتر ڕوودەدات.

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گفتوگۆ و بەردەوامیی پەیوەندییەکان کردەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لە تەواوی بوارەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار