سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەیەکی بەهێزی ئابووری دروست بکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز لە ئابووریدا بۆ خۆی دروست بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت، سوودی لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەرگرتووە بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان وەک بازاڕێکی گەورە و کراوە بۆ کەرتی تایبەت دەبینرێت و حکوومەتی هەرێم سیاسەتی ئەوەیە بایەخێکی زۆر بەم سێکتەرە بدات. ئەمە بە ئامانجی فرەچەشنکردنی ئابووری و کردنەوەی دەرگا بەڕووی سەرمایەگوزاریی بیانی و هێنانی سەرمایەگوزاران لە وڵاتانی جیاجیاوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها سەفین دزەیی باسی لە بوونی یاسایەکی باشی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوان ڕێگر نین لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.
گوتیشی: گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا و دڵنیاییدان بە کۆمپانیا نەوتییەکان کە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
لە درێژەی قسەکانیدا، سوپاسی زانکۆی جیهانی کرد بۆ سازدانی سیمینار و کۆڕبەندی تایبەت بە ئابووری. ڕاشیگەیاند کە شاندێکی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لەگەڵ هاوتاکانیان لە هەرێم بە یەکەوە کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەکانی هاوکاری و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا.




