ڤیان دەخیل بۆ KDP: ئەوان پێیان وابوو لە بڕیارێکی ئەوا بێدەنگ دەبین

دهۆك-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جۆرێک لە پاشگەزبوونەوەی لەبارەی ئەو بڕیارەی داویەتی پێوە دیارە و ناتوانن ئێزدییەکان لە شنگال دوور بخەنەوە، لەبەر ئەوەی ٧٢ فەرمان نەیتوانی ئەو کارە بکات ئێستاش کەس ناتوانێت و ئێمەش بە توندی ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیاری ئەم دواییەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی ئەوەی ئاوارەکان لە ھەر شوێنێک بن پێویستە وەکو ھاووڵاتیی ئەو شوێنە حیسابیان بۆ بکرێت، ئەوان پێیان وابوو بڕیارێکی لەو جۆرە دەدەن و ئێمەش بێدەنگ دەبین، بەڵام کە بینییان ئێمە دژی ئەو بڕیارەین و ڕێگە نادەین جێبەجێ بکرێت و ڕووبەروویان بووینەوە، ئاخر ٧٢ فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا دراوە و شنگالیان جێنەھێشتووە، بۆیە نە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و نە ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئێمە لە شنگال دوور بخاتەوە، بۆیە ئێستا جۆرێک لە پاشگەزبوونەوەیان پێوە دیارە و باس لەوە دەکەن، ئێمە بڕیارمان نەداوە و تەنیا گفتوگۆمان کردووە و ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، چونکە ئەوەی دەکرێت گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە و بە ھیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە و ڕێگە نادرێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئێمە بە توندی ھاتووینەتە سەر ھێڵ و بە ھیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین.
پەیوەست بە ھاوکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ ئاوارەکان، ڤیان دەخیل گوتی، بەداخەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھیچ ھاوکارییەکی ئاوارەکان ناکات و ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانی باشە و بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان بەھۆی ئەوەی دەکەونە دۆخێکی زۆر خراپ بەھۆی سەرماوە، سووتەمەنییان بۆ دابین بکرێت، کە ئەوە ئەرکی حکوومەتی عێراقە و ئەوانیش ئەوە ھیچ بەھەند وەرناگرن و ھیچ ھاوکاری ناکەن، بۆیە بڕیارە لە ڕێگەی ھەندێک ڕێکخراو سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی و خۆراکیان بۆ دابین بکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەی لە توانایدا بێت ھیچ کەمتەرخەمی ناکات و ھاوکاریی ئاوارەکان دەکات.
بڵند ئیبراھیم




