٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبەر ئەحمەد: مەسروور بارزانی لاپەڕەیەکی نوێی لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025 – د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانس و ئیڤێنتێکدا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بە بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و هاوبەشیکردنی بەها هاوبەشەکان.

وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر بەردەوامی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ئاماژەی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی چەند مانگێک لەمەوبەری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەریکا کرد. بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد، ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی بۆ دیپلۆماسیەت و بازرگانیی نێوان هەردوولا کردەوە و پەیامێکی ڕوونی نارد کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی جێگای متمانە، سەقامگیر و ئارامە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.

د. ڕێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە پەیامی ئەمڕۆی ئەو هەمان پەیامی سەرۆک وەزیرانە سەبارەت بە داهاتوو، کە بریتییە لە بوونی پەیوەندییەکی کۆنکرێتی و بەهێز لەگەڵ ئەمەریکا و بازرگانە ئەمەریکییەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ سوپاسی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریکا، کرد بۆ ڕۆڵی گرنگیان لە دروستکردنی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمەکەی، ستایش کران بۆ هەوڵەکانیان لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. سوپاسگوزاریی خۆیشی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیڤێنتە.

د. ڕێبەر ئەحمەد وەک وەزیری ناوخۆ، ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سەقامگیریدا ڕوون کردەوە، کە ئەمەش پۆلیس، بەرگریی شارستانی، ئاسایشی سنوورەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دەگرێتەوە.

سەبارەت بە سەقامگیری، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەڕەشەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکن، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق. ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی هەرێم پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لەسەر سنوورەکان.

ڕاشیگەیاند، بەداخەوە بەشێک لە میلیشیاکان هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان، دەبینین ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، چونکە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان زۆر گرنگە، دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیری ژێرخانەکەمان، هەروەها لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و هەماهەنگی هاوبەشی بکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار