٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی نەوت و غاز: بۆ ھەناردەی نەوتی ھەرێم، چاوەڕێی ئەم بڕیارەین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ھەموو کارێکی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە تەواو بووە، تەنیا ماوە بڕیاری لێ بدرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی بکرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی بدرێت." 

د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پێویستە ڕێککەوتن لەسەر نەوتی ھەرێم سێقۆڵی بێت، لەنێوان حکوومەتی ھەرێم، عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان، ھەنگاوی زۆر باش نراوە و ڕێککەوتنەکان کراون، ڕێکاری تەکنیکی تەواوبوونە و بۆڕی ئامادەیە، لەڕووی یاساییییەوە لە یاسای بودجە، ماددەی ١٢ بە تێروتەسەلی باس کراوە، ١٦ دۆلاری بۆ ھەر بەرمیلێک بۆ دەرھێنان و گواستنەوەی نەوت داناوە، بۆیە ھەموو پرسەکان تەواوبوونە، تەنیا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ماوە، بابەتی فرۆشتنی نەوتیش تەواو بووە، دیارە دەدرێتە کامە کۆمپانیا، بۆیە ھەموو کارەکان تەواوبوونە، سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ھەیە و بڕیار لەبارەی داھاتی نەوت و نانەوتی و ڕاپۆرتەکانی ئامادەکراون دەدات." 

د.سەباح سوبحی گوتیشی "ئەوە دڵخۆشکەرە ھەموو ڕێککەوتنەکان کراون و بەرەو چارەسەر بوونە، ئێستا بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش بەڕێژەیەکی باش زیادی کردووە، دەتوانین مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین و ٥٠ھەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم بێت، ئەوەش یەکلایی بۆتەوە، بۆیە لە ھەنگاوی کۆتاییدایە و تەنیا ماوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، ڕاستەوخۆ دەست بە ھەناردەکردنی دەکرێت، پێویستە زەمانەتیش بدرێت بە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە." 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار