کوردستانیانی تاراوگە بۆ KDP: فەڕەنسا ڕۆژێکی مێژوویی تۆمار کرد

فەڕەنسا-KDP.info- لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و دڵی ئەورووپا، شەقامێک بەناوی "پێشمەرگە" کرا، بۆیە تاکە ھێما و سیمبوول و نوێنەری ھەموو پێشمەرگەی کوردستانیان بانگێشت کرد تا خۆی ئەو شەقامە بکاتەوە، چونکە پاریس ویستی بەناوی ھەموو ئەورووپاوە بڵێت، ئێمە شانازی بە پێشمەرگە و سەرۆک بارزانییەوە دەکەین.
"پەیوەندیی گەلی کورد و فەڕەنسا گەیشتووەتە لووتکە"، ئەمە گوتەی د. ھیوا شەمسی بورھان، مامۆستای زانکۆیە لە پاریس، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پەیوەندێی گەلی کورد و گەلی فەڕەنسا ھەمیشە باش بووە و ئێستا لە لووتکەدایە، ھەر خۆی كردنەوەی شەقامێک بەناوی پێشمەرگە لە دڵی ئەورووپا و لەناو گەورەترین پارکی وڵاتی فەڕەنسا بەناوی پێشمەرگە، مانایەکی زۆر ھەڵدەگرێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستە ڕوو، کوردستانیانی بەشداری ڕێوڕەسمەکە، بە بینینی سەرۆک بارزانی دڵخۆش بوون و پێشوازیی گەرمیان لێ کرد. ڕێبەری گەورەی کورد، سەرۆک بارزانییە کە پرسی چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە لە ئەستۆیەتی، کوردانی ھەر چوارپارچەی کوردستان لە ئەورووپا، بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە ڕوویان لە پاریس کرد و پێشوازییان لە سەرۆک بارزانی کرد.
شیلان ئاستەیی، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە بەریتانیاوە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر تابلۆی پێشمەرگە ڕۆیشتبووە پاریس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، من کاتێک ڕۆیشتمە ئەورووپا لێیان دەپرسین خەڵکی کوێیت، کاتێک دەتگوت کوردم، دەیانگوت "چی؟" بەڵام ئێمە بەشدار بووین لەگەڵ سەرۆک و ڕابەری گەلی کورد لە پاریس، گەورەترین دەوڵەتی زلھێزی ئەورووپا شەقامێکی بەناوی پێشمەرگە دانا، ئەوەش شانازییە بۆ منی کورد، ئەوەی ڕووی دا بەرھەمی خوێنی ئەو پاڵەوانانەیە خوێنیان لە پێناو کوردستان ڕژا، ئێستاش ھەڤاڵەکانیان لە سەنگەرن بەرانبەر دوژمنان بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان.
ئاستەیی، لەبارەی ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکە، ڕوونی کردەوە، ھەموو کوردێک کە لەو ڕێوڕەسمەدا دەبیندران ڕووخۆش بوون، بۆ تاکی کورد زۆر گرینگ بوو، دەکرێ ئەم مۆدێلە لە دەوڵەتانی تری جیھان دووبارە بکرێتەوە و شوێنی گشتی بەناوی پێشمەرگەوە بکرێت، ئێمەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان سەرۆک بارزانی بە سەروەر و سیمبوولی خۆمان دەزانین.
لەبارەی کاردانەوەی ئەم چالاکییە لە میدیاکانی ئەورووپادا، ئیبراھیم مایی، چالاکی ڕەوەندی کوردی لە فەڕەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەوەی لە فەڕەنسا ڕووی دا، ڕووداوێکی مێژوویی بوو، میدیای فەڕەنسا و پەیجی تایبەتی شارەوانیی پاریس و چەندان میدیای تری ئەورووپی گرنگییان پێدا و ھەواڵی سەرەکیی ڕۆژ بوو، من سی ساڵە لە فەڕەنسا دەژیم، لە کاتی پشووەکانم ڕوو لەو پارکە دەکەم وێنەی یادگاری لەگەڵ تابلۆی ناوی پێشمەرگە دەگرم، ھاووڵاتییانی فەڕەنسی کاتێک دەیانبینین بە جلوبەرگی کوردییەوە لێیان دەپرسین بابەتەکە چییە؟ پێمان دەگوتن تابلۆی پێشمەرگە دانراوە. دەیانگوت: ئەو ھێزەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی تێکشكاند.
عەزیز ڕەسووڵ




