٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەلمان فەرمان: سەرۆک بارزانی دووبارە پێشمەرگەی بە جیھان ناساند

سەرچاوە: KDP.info

فەرەنسا -KDP.info- ئەو پێشمەرگە بریندارەی شەڕی داعش کە لە کردنەوەی ڕێڕەوی پارکێکی پاریس بەناوی پێشمەرگە بەشداربوو دەڵێت "سەرۆک بارزانی دووبارە پێشمەرگەی بە جیھان ناساندەوە، کەس ھێندەی سەرۆک بارزانی لە موعاناتی بریندارانی شەڕی داعش تێناگات، بۆیە لەکاتی کردنەوەی ڕێڕەوەکە داوای کرد من پەردە لەسەر ناوەکە ھەڵگرم، ئەوەش شانازییە بۆ ھەموو پێشمەرگە و شەھیدان و گەلی کوردستان."

سەلمان فەرمان وەکو بریندارێکی سیمبولی شەڕی داعش لە مەراسیمی کردنەوەی ڕێڕەوێک لە پاریس بەناوی پێشمەرگە بەشداربوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئێمە زۆر دڵخۆشبووین بە کردنەوەی ئەو شەقامە بەناوی پێشمەرگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، من وەکو بریندارێکی سیمبولی شەڕی داعش بەشداربووم، ئەوە زۆر دڵخۆشکەربوو بۆ ئێمە و بنەماڵەی شەھیدان، چونکە ھەر سەروەرییەک بەناوی پێشمەرگە تۆمار بکرێت، بۆ سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە، خانەوادەی شەھیدان، بریندارانی شەڕی داعش و ھێزی پێشمەرگە بەگشتی مایەی دڵخۆشییە.
سەرۆک بارزانی ھەمیشە خەمخۆری بنەماڵەی پێشمەرگە بووە و بۆ برینداران و شەھیدانیش بە ھەمان شێوە، بەڕاستی زۆر گرنگ بوو، لەکاتی کردنەوەی شەقامەکە داوای کرد من خۆم پەردە لەسەر ناوەکە ھەڵبگرم، ئەوەش کارێکی مێژوویی بوو بۆ پێشمەرگە، ھەرێمی کوردستان و فەرەنساش، دەشبێتە ھۆی گەشەکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا."
سەلمان فەرمان گوتیشی "فەرەنسییەکان زۆر بەناوی پێشمەرگە دڵخۆش بوون زۆر بە بینینی سەرۆک بارزانی دڵخۆش بوون، سەرۆک بارزانی دووبارە پێشمەرگەی بە جیھان ناساندەوە، کە ھێزی پێشمەرگە چ قارەمانێکن و چ سەروەرییەکیان بۆ گەلی کورد و جیھان تۆمار کردووە."
دەشڵێت "سەرۆک بارزانی لەکاتی مەراسیمەکە منی بینی و باسی لەوە کرد جارێکی دیکەش یەکتر دەبینینەوە و دێیە لای من، منی داوەت کرد بۆ نان خواردن، ئەوانەی دیکەش کە ھاتبوون بۆ مەراسیمەکە بەشدار بوون، دواتریش خواردنمان خوارد، یەکەم کەس وێنەی لەگەڵ من گرت و سێ جاریش ماچی کردم، زۆر بە بینینی من دڵخۆش بوو، ئەوەش جاری یەکەم نییە، نزیکەی چوارەم جار بوو سەرۆک بارزانی ببینم، جەنابیان زۆر لە موعاناتی من تێدەگات، چونکە لە شەڕی داعش ھەردوو قاچ، دەستێک، چاوەکان و گوێچکەیەکم لەدەست داوە، بۆیە لەو مەراسیمە من وەک سیمبولی بریندارانی شەڕی داعش بەشداربووم."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار